کوردستان

09:37 - 11/12/2018

بەرەی سەركردە ناڕازییەكانی یەكێتی فراوان دەبێت‌

پەیسەر

دوای ئەوەی ژمارەیەك سەركردەی ناڕازیی یەكێتی لە كاتی هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلولدا، نیگەرانییەكانیان وەلا نا و كاریان بۆ حیزبەكەیان كرد، بەڵام لە ئێستادا و دوای چارەسەرنەبوونی كێشەكان ژمارەیەك سەركردەی دیكە بۆ بەرەی سەركردە ناڕازییەكان زیادبوون و نیگەرانن لە دۆخی حیزبەكەیان و ئەنجام نەدانی كۆنگرە.

 
دوای ئەوەی مەلا بەخیار بەهۆی هەڵبرژاردنی سەرۆك كۆماری بڕیار دەدات بەشداری كۆبوونەوەكانی حیزبەكەی نەكات، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتوە لە ئێستادا چەندین سەركردەی دیاری یەكێتی هەمان بڕیاریانداوە ونایانەوێت بەشداری كۆبوونەوەی حیزبەكەیان بكەن.

یەكێك لەو سەركردە دیارانەی یەكێتی فواد مەعسومی سەرۆك كۆماری پێشوو و دامەزرێنەری یەكێتی نیشتیمانییە، بیانوی مەعسوم بۆ نیگەرانییەكان لەوەوە سەرچاوە گرتووە، كە پێشتر لەگەڵ بەرپرسانی حیزبەكەی لەسەر ئەوە رێكەوتوون كە ئەو كاندیدبێتەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، دوای ئەنجامدانی چەندین لۆبی پێی و سەردانی بەرپرسانی یەكێتی، ژێر بەژێر لەگەڵ بەرهەم ساڵح رێكەوتون بێ‌ ئاگاداركردنەوە ، ئەمەش بەلای ئەو بەرپرسەی یەكێتی وا لێكدراوەتەوە كە پشتگوێ خراوە.

بەپێی زانیارییە وەدەستكەوتووەكانی پەیسەرپرێس، لەسەر بڵاونەكردنەوەی چاوپێكەوتنێكی لە كەناڵی كوردستان و هەروەها پەیڕەوكردنی سیاسەتی ئێستای یەكێتی مەحمود سەنگاویش نیگەرانیەكان لە یەكێتی راگەیاندووە و بە مەكتەبی سیاسی حیزەكەی راگەیاندووە لەسەر ئەو بێ‌ دیسپلینەی یەكێـتی هەڵوێست وەردەگرێت.

سەبارەت بە دلێری سەید مەجید، زانیارییەكانی پەیسەرپرێس ئەوە روندەكاتەوە، كە ئەو بەرپرسەی یەكێتی رایگەیاندووە، لە ئێستادا هەموو دەسەڵاتەكانی یەكێـتی لە دەستی چەند شەخسێكی دیاردا كۆبووەتەوە و هیچ حیسابێك بۆ پەیڕەو و پڕۆگرامی یەكێتی ناكرێت و یەكێتی بە میزاجی شەخسی بەڕێوەدەبرێت.

هەروەها دلێری سەید مەجید ئەوەشی راگەیاندووە، لەم دۆخە نالەبارەی یەكێتی دانیشتن لە ماڵەوە و بێدەنگبوون تاكە رێگەیە كە بیگرینە بەر تا دۆخی یەكێتی باش نەبێت، ئەم دۆخەی ئێمەش بەردەوام دەبێت.

عەتا سەراوی و عەدنان حەمەی مینا و بەهرۆز گەڵاڵیش دوو سەركردەی دیكەی ئەو حیزبە لە ئێستادا بڕیاریانداوە، نەچنە كۆبوونەوە فەرمییەكانی حیزبەكەیان و نیگەرانن لە دۆخی یەكێتی، جگە لەوانەش لە ئێستادا خالید شوانی كاندیدی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری داد نیگەرانە لە حیزبەكەی ئەویش بەهۆی ئەوەی یەكێتی بڕیاریداوە ئەو كاندیدەی بگۆڕێت تا بتوانێت سەرۆك وەزیرانی عێراق رازی بكات ئەو وەزارەتە ببەخشێتە یەكێتی.