کوردستان

04:32 - 25/07/2019

حكومه‌تى عێراق ته‌نها به‌ ناردنى مووچه‌ى دووهه‌زار شه‌هید رازییه‌‌

پەیسەر

حكومه‌تى عێراق ته‌نها ئاماده‌یه‌ مووچه‌ی شه‌هیدانی شه‌ڕی دژی داعش بدات، كه‌ ژماره‌یان دوو هه‌زار شه‌هیده‌، نه‌ك مووچه‌ی ته‌واوی شه‌هیدانی هه‌رێمى كوردستان.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، له‌میانی گفتوگۆكانی نێوان دامه‌زراوه‌ی شه‌هیدانی عێراق و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان وئه‌نفالكراوان، لایه‌نى عێراق رایگه‌یاندووه‌، ئه‌وان ئاماده‌ن ته‌نها مووچه‌ی شه‌هیدانی شه‌ڕی دژی داعش دابینبكه‌ن و ئاماده‌ن مووچه‌ی ئه‌و شه‌هیدانه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌كه‌یان.

حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان، لیستێكی بردووه‌ته‌ به‌غداد و داوای مووچه‌ی ٧٩ هه‌زار و ٧٦٠ شه‌هید و ئه‌نفالكراوی كردووه‌، مووچه‌كانیان مانگانه‌ پێویستی به‌ ٣٤ملیار و ٧٦٩ ملیۆن دیناره‌، جگه‌له‌وه‌ش حكومه‌تی هه‌رێم داوای دووملیار و ٥١٦ملیۆن دیناری بۆ پێنج هه‌زار و ١٥٧ زیندانی سیاسی هه‌رێم كردووه‌.

له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندجارێك وه‌زاره‌تی شه‌هیدانى هه‌رێمى كوردستان، شاندى ره‌وانه‌ی به‌غدا كرد، بۆئه‌وه‌ی مووچه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان بخرێته‌ سه‌ر حكومه‌تی فیدراڵی، به‌ڵام تا ئێستا داواكارییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێنه‌كراوه‌.