کوردستان

03:54 - 25/07/2019

توركیا داوای راده‌ستكردنی مه‌زڵوم داغ و هاوكاره‌كانى ده‌كات‌

پەیسەر

توركیا داوای راده‌ستكردنی تۆمه‌تبارانی رووداوى ته‌قه‌كردنه‌كه‌ى هه‌ولێر ده‌كات، كه‌ به‌رپرسێكى توركیاى تێداكوژرا. حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌نیازه‌ دانپێدانانه‌كانیان بڵاوبكاته‌وه‌و تا ئێستا وه‌ڵامى توركیاى نه‌داوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، توركیا به‌فه‌رمی داوای له‌حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌، تۆمه‌تبارانی هێرشه‌كه‌ی ریستۆرانتی هۆقه‌باز راده‌ستبكات، بۆئه‌وه‌ی له‌ توركیا دادگایی بكرێن و تائێستاش حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی ئه‌و داواكارییه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، تیمێكی ١٨كه‌سیی توركیا له‌هه‌ولێرن و به‌شدارن له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان، ده‌رباره‌ی كوژرانی ئه‌ندامێكی ده‌زگای هه‌واڵگری میت.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، دانپێدانانی ئه‌و سێ كه‌سه‌ی له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ ده‌ستگیركراون ته‌واوبووه‌، حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان ده‌یه‌وێت له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا دانپێدانانه‌كانیان بڵاوبكاته‌وه‌.

رۆژی ١٧ی ئه‌م مانگه‌ رووداوێكى ته‌قه‌كردن له‌و رێستۆرانتى هۆقه‌باز له‌ هه‌ولێر روویدا،   سێ كه‌س تێیدا كوژران، كه‌ یه‌كێكیان ئه‌ندامی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیابوو به‌ناوی عوسمان كۆسه‌ و دووهاوڵاتی تری هه‌رێمی كوردستانیش گیانیان له‌ده‌ستدا.