کوردستان

03:27 - 25/07/2019

هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌كه‌ركوك بۆ ٢٠٢١دوابخرێت‌

پەیسەر

پارتی و پێكهاته‌كانی كه‌ركوك، له‌هه‌وڵدان بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك دوابخرێت بۆ ساڵی ٢٠٢١. پارتى داوایكردووه‌ دۆخى كه‌ركوك ئاسایى بكرێته‌وه‌و ته‌عریب رابگیرێت، ئه‌وجا هه‌ڵبژاردن بكرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان و پێكهاته‌كانی كه‌ركوك، له‌گفتوگۆدان بۆئه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان هه‌مواربكرێته‌وه‌، به‌جۆرێك هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ ساڵی ٢٠٢١دوابخرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، پارتی داوایكردووه‌ دۆخی  كه‌ركوك ئاسایی بكرێته‌وه‌ و ته‌عریب بوه‌ستێندرێت، حه‌شدی شه‌عبی له‌ناو شاره‌كان بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ و پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، ئاواره‌كانیش بچنه‌وه‌ سه‌ر ماڵه‌كانیان ئه‌وكاته‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان ده‌ڵێن، تۆماری ده‌نگده‌ران پاك نییه‌و پێویستی به‌پاككردنه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆئه‌وه‌ی رێگری له‌ساخته‌كاری بكرێت،  پێیان وایه‌ پێش پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران ناتواندرێت هه‌ڵبژاردنێكی پاك ئه‌نجامبدرێت، له‌سه‌ر دواخستنی هه‌ڵبژاردنیش له‌پارتییه‌وه‌ نزیكن، به‌ڵام ئه‌وان بڕیاری كۆتاییان نه‌داوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، پارتی پێشنیاری كردووه‌ ئه‌گه‌ر هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌كرێته‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئه‌نجامبدرێت، ئه‌وه‌ پارتی و عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان بایكۆتی بكه‌ن و به‌شداری نه‌كه‌ن، به‌ڵام عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان تا ئێستا وه‌ڵامی ئه‌و پێشنیاره‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌.

رۆژی دووشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌مواركرده‌وه‌ و به‌پێی هه‌مواره‌كه‌ش رۆژی یەکی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق به‌كه‌ركوك-یشه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت، ژماره‌ی كورسیيه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ ١٤ ئه‌ندام كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، پارتی بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی كرد به‌ڵام یه‌كێتی به‌شداربوو.