کوردستان

07:03 - 24/07/2019

كۆمه‌ڵ له‌ كۆنگره‌ پاشگرى ئیسلامى ده‌خاته‌ ده‌نگدانه‌وه‌‌

پەیسەر

له‌مساڵدا كۆمه‌ڵی ئیسلامی كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت، عه‌لی باپیر ده‌بێته‌وه‌ ئه‌میرى حزبه‌كه‌، پاشگری ئیسلامیش  بۆ ناوى كۆمه‌ڵ، له‌ كۆنگره‌ ده‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، كۆمه‌ڵی ئیسلامی بڕیاریداوه‌ له‌مساڵدا كۆنگره‌ی چواره‌می خۆی ببه‌ستێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سێ لیژنه‌ی پێكهێناوه‌ و هه‌ر سێ لیژنه‌كه‌ش له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌ستبه‌كاربوون.

له‌ناو كۆمه‌ڵ كۆده‌نگی هه‌یه‌ كه‌ مامۆستا عه‌لی باپیر بمێنێته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ مانه‌وه‌ی پاشگری ئیسلامیش بۆ ناوى كۆمه‌ڵ، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ ده‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و له‌ ناو كۆنگره‌ به‌ده‌نگدان یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ ئایا پاشگرى ئیسلامى به‌ناوى كۆمه‌ڵه‌وه‌ بمێنێت یاخود نه‌مێنێت.

سه‌باره‌ت به‌ ئاشتكردنه‌وه‌ى سه‌ركرده‌ناڕازییه‌كان، سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌ر گوتى، كارى لیژنه‌كانى ئاماده‌كارى كۆنگره‌ نییه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ ناڕازییه‌كان بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوحزب، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌نجومه‌نی سیاسی و ئه‌میری كۆمه‌ڵ ئه‌م هه‌نگاوه‌بنێن.

هه‌ندێك له‌ به‌رپرسه‌كانى كۆمه‌ڵ، نیگه‌رانن له‌ لابردنى پاشگرى ئیسلامى و بۆ ئه‌وه‌ش نامه‌یه‌كیان ئاڕاسته‌ى ئه‌میرى كۆمه‌ڵ كردووه‌، دڵشاد گه‌رمیانى یه‌كێك له‌و به‌رپرسانه‌ى كۆمه‌ڵه‌، كه‌ به‌توندى دژى لابردنى پاشگرى ئیسلامییه‌ بۆ ناوى كۆمه‌ڵ.

كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ ٣١-٥-٢٠٠١ دامه‌زراوە، له‌وكاته‌وه‌ سێ كۆنگره‌ی كردووه‌ و له‌ئێستادا خاوه‌نی حەوت كورسی په‌رله‌مانی كوردستانە.