کوردستان

02:11 - 24/07/2019

له‌ كه‌ركوك مه‌ترسییه‌كى نوێ بۆ كورد دروستده‌بێت‌

پەیسەر

عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان له‌ كه‌ركوك، داوای پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران ده‌كه‌ن، ده‌شیانه‌وێت كارتی نیشتیمانی بكه‌نه‌ پێناسی ده‌نگدان.

رۆژی دووشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌مواركرده‌وه‌، بڕیاریدا رۆژی یه‌كی نیسانی ساڵی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ناویشیاندا له‌ پارێزگای كه‌ركوك به‌ڕێوه‌بچێت.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان هه‌وڵه‌كانیان به‌دوو ئاڕاسته‌دا چركردووه‌ته‌وه‌، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كارتی نیشتمانی بكرێته‌ تاكه‌ پێناس بۆ ده‌نگدان به‌وپێیه‌ی ساخته‌كاری تێدا ناكرێت و كوالێتی له‌ پێناسی باری شارستانی و ره‌گه‌زنامه‌ باشتره‌.

هه‌روه‌ها ده‌یانه‌وێت به‌بیانووی پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانه‌وه‌، ناوى ژماره‌یه‌ك ده‌نگده‌رى كورد بسڕنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌دوای ساڵی ٢٠١٠ وه‌ ناسنامه‌كانیان گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، مه‌ترسی له‌سه‌ر كورد هه‌یه‌، به‌وپێیه‌ی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ی كورد له‌چه‌مچه‌ماڵ و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تره‌وه‌، ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و ده‌نگیان ده‌دا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركوك ده‌یانه‌وێت رێگری له‌وه‌بكه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری كورد كارتی نیشتمانیان نیه‌ و هه‌روه‌ها به‌شێكی زۆریان ئاواره‌ن و نه‌گه‌راونه‌ته‌وه‌.

به‌پێی هه‌مواری یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، كه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ په‌سه‌ندكرا، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ ١٤ ئه‌ندام پێكدێت، و ژماره‌ی دانیشتووانی پارێزگاكه‌ش به‌ ملیۆنێک و ٦٣٩هه‌زار و ٩٥٣ كه‌س دیاریكراوه‌.