کوردستان

02:01 - 24/07/2019

ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى یه‌كێتى داواى سزادانى مه‌لا به‌ختیار ده‌كه‌ن‌

پەیسەر

ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان، له‌نامه‌یه‌كدا كه‌ بۆ جێگری یه‌كه‌مى سكرتێری گشتی حزبه‌كه‌یان ناردووه‌، داوای سزادانی مه‌لابه‌ختیار ده‌كه‌ن.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی، له‌نامه‌یه‌كدا بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ، داوایانكردووه‌ لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌لابه‌ختیار پێكبهێندرێت. ئه‌و به‌رپرسانه‌ى یه‌كێتى ده‌ڵێن، پرۆژه‌كه‌ى مه‌لابه‌ختیار،"پێچه‌وانه‌ی په‌یڕه‌و و پرۆگرامی یه‌كێتی-یه‌ و ته‌كه‌تولچێتی پێوه‌دیاره‌ و سوكایه‌تیشی به‌ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی كردووه‌، چه‌ند تۆمه‌ت و گومانێكیشی له‌سه‌ر دارایی و بڕیاری یه‌كێتی دروستكردووه‌".

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ رایانگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر لێپرسینه‌وه‌ له‌مه‌لابه‌ختیار نه‌كرێت، ئه‌وه‌ نابێت به‌شداری كۆنگره‌ بكات و خۆی بۆهیچ پۆستێك كاندید بكات.

له‌نامه‌ى ئه‌و به‌رپرسانه‌دا باس له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی مه‌لابه‌ختیاری بۆ رێبوار كه‌ریم مه‌حمود ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كراوه‌، به‌ جۆرێك ده‌ڵێن كه‌ "لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی سوكایه‌تی به‌ به‌رهه‌م ساڵح كردووه‌"، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر سوربن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ گوایه‌ سه‌رۆكی عێراق له‌پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا هه‌ڵبژێردراوه‌، ئه‌وه‌ ناچار ده‌بێت راستییه‌كانی پشت په‌رده‌ بدركێنێت، وه‌ك خۆى گوتبووى"چى ده‌بێت، باببێت".

مه‌لابه‌ختیار ٢٠ی ئه‌م مانگه‌، پڕۆژه‌یه‌كی بۆ دۆخی حزبه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ و پرۆژه‌كه‌ش له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.