کوردستان

10:50 - 24/07/2019

مه‌رسوم بۆ جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌رده‌كرێت‌

پەیسەر

بڕیاره‌ كۆتایى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ یاخود سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ناوی كاندیده‌كانیان بۆ جێگرانی سه‌رۆكی هه‌رێم، ره‌وانه‌ بكه‌ن و مه‌رسومى هه‌رێمییان بۆ ده‌ربكرێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، تا سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو ناوه‌كان ره‌وانه‌ده‌كرێت و له‌دوای ره‌وانه‌كردنی ناوه‌كان، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا، مه‌رسومی ده‌ستبه‌كاربوونیان بۆ ده‌رده‌كات.

یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان جه‌عفه‌رشێخ مسته‌فا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی، بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم كاندیدكردووه‌، له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش هه‌ریه‌ك له‌مسته‌فا سه‌ید قادر و جه‌مال حاجی محه‌مه‌د، كاندیدی ئه‌و پۆسته‌ن و بڕیاره‌ رێكخه‌ری گشتی ناوی یه‌كێكیان ره‌وانه‌بكات.

هه‌روه‌ها ده‌ستبه‌كاربوونی بریكاری وه‌زیره‌كان و سه‌رۆكی ده‌سته‌كان، ده‌كه‌وێته‌ دوای جه‌ژنی قوربان. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، حزبه‌ به‌شداره‌كانی له‌حكومه‌ت ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌، كه‌ پڕكردنه‌وه‌ی پۆستی بریكارى وه‌زیره‌كان و سه‌رۆكی به‌شێك له‌ده‌سته‌كان، ده‌كه‌وێته‌ دوای جه‌ژنی قوربان، پێویسته‌ تا ئه‌وكاته‌ حزبه‌كان كاندیده‌كان بۆ ئه‌و پۆستانه‌ یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان، له‌بنه‌ڕه‌تدا داواكاری دواخستنی ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌و پۆستانه‌، داواكاری حزبه‌كان بوو بۆئه‌وه‌ی به‌رێككه‌وتن له‌ناو خۆیاندا ئه‌وپۆستانه‌ دیاری بكه‌ن و بۆ ئه‌مه‌ش داوای كاتی زیاتریان كردبوو، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش داواكاریه‌كه‌یانی په‌سه‌ند كرد.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، یه‌كێتی و گۆڕان ده‌یانه‌وێت، له‌رێگه‌ی پۆستی بریكار وه‌زیر و سه‌رۆكی ده‌سته‌ و به‌ڕێوه‌به‌ره‌گشتییه‌كان، ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ كه‌مبكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م له‌ناو حزبه‌كانیان دروستبوو.

تائێستا ته‌نها وه‌زیره‌كان و یاريده‌ده‌رى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ كاروبارى وزه‌ ده‌ستبه‌كاربوون، حزبه‌كان پشكیان له‌ بریكارى وه‌زیره‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانیش هه‌یه‌ و تائێستا یه‌كلانه‌كراونه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه‌.