کوردستان

09:26 - 24/07/2019

زانیارییەكان لەسەر لیست و سەرۆكی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنەكانی كەركوك‌

پەیسەر

لەسەر دورستكردنی لیستی هاوبەشی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان نەگەیشتنە رێككەوتن. بەپێی زانیارییەكانیش پارتی بە نیازە لە ئەگەری بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكان سەرۆكی لیستەكەی نەجمەدین كەریم بێت.

بەپێی ئەو زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەسەر دروستكردنی لیستی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و ناوچە كوردستانیە دابڕێندراوەكانی تر نەگەیشتنە رێككەوتن، پارتی بڕیاریداوە نەجمەدین كەریم بكاتە سەرۆكی لیستەكەی لەكەركوك، ئەگەر بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكات و بایكۆتی نەكات.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ رەزامەندی پارتی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەمواركردووە وبڕیاریدا، لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاكان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش بكرێت.

زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، كە لەناو پارتیدا دوو بۆچوون دروست بووە ، بۆچوونێك پشتیوانی ئەوە دەكات پارتی هاوشێوەی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ساڵی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران بایكۆتی هەڵبژاردن لەكەركوك بكات و بۆچوونی دووەمیش پێی باشە بەشداری هەڵبژاردن بكەن.

بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، پارتی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی لە كەركوك نەكرد. بەڵام دوای دروستبوونی بۆچونێكی دیكە لەناو پارتی بۆ بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكانی كەركوك. ئەو حیزبە و  چەند حزبێكی نزیك لەخۆی و چەند كەسایەتیەكەی عەرەب و توركمان لیستێكی هاوبەش دروست دەكەن و نەجمەدین كەریم سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات..