کوردستان

04:08 - 22/07/2019

ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی كۆمه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ی وازهێنان ده‌كه‌ن‌

پەیسەر

ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی كۆمه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ی وازهێنان ده‌كه‌ن له‌حزبه‌كه‌یان، ئه‌گه‌ر پاشگری ئیسلامی له‌كۆنگره‌ی داهاتوو له‌ ناوی حزبه‌كه‌یان بكرێته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ى په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، نامه‌یه‌كیان بۆ عه‌لى باپیر ئه‌میرى حزبه‌كه‌یان نوسیوه‌. له‌ نامه‌كه‌دا ئه‌و به‌رپرسانه‌ گوتویانه‌ ئه‌گه‌ر پاشگری ئیسلامی له‌ ناوى كۆمه‌ڵ ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وان پێش كۆنگره‌ بڕیاری خۆیان ده‌ده‌ن و به‌شداری كۆنگره‌ ناكه‌ن و ده‌ستله‌كارده‌كێشنه‌وه‌.

تا ئێستا ئه‌میرى كۆمه‌ڵ وه‌ڵامى نیگه‌رانى ئه‌و به‌رپرسانه‌ى حزبه‌كه‌ى نه‌داوه‌ته‌وه‌. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سه‌ركرده‌كانی كۆمه‌ڵ دوای ئه‌وه‌دێت، كه‌ له‌ ٣١ی ئایاری ئه‌مساڵ و له‌ ١٨یه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵ-دا، عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر پاشگری ئیسلامی، بووبێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵ ئه‌وه‌ ئاماده‌ن له‌كۆنگره‌ پاشگری ئیسلامی له‌ ناوی كۆمه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌.

دواتر ئه‌میرى كۆمه‌ڵ روونكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و قسانه‌ى داو گوتى:"پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د درودی خوای له‌سه‌ربێت، كاتێك ده‌وڵه‌تی دروستكرد ناوی نه‌نا ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، به‌ڵكو ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی دامه‌زراند".