کوردستان

03:21 - 22/07/2019

دووباڵی یه‌كێتی پرۆژه‌كه‌ی مه‌لابه‌ختیار ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌‌

پەیسەر

ماڵی تاڵه‌بانی و باڵی به‌رهه‌م ساڵح، ته‌واوی پرۆژه‌كه‌ی مه‌لابه‌ختیار و مه‌رجه‌كانی ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، كۆسره‌ت ره‌سوڵیش نه‌رمى ده‌نوێنێت له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، هه‌ریه‌ك له‌باڵی ماڵی تاڵه‌بانی و به‌رهه‌م ساڵح، پرۆژه‌كه‌ی مه‌لابه‌ختیاریان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ نه‌رمییان به‌رامبه‌ر پرۆژه‌كه‌ پیشانداوه‌، رایانگه‌یاندووه‌ دوای دراسه‌كردنی وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، نه‌رمی نواندنی باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ په‌یوه‌ندی به‌ نزیكبوونه‌وه‌ى ماڵی تاڵه‌بانی و باڵی به‌رهه‌م ساڵح-ه‌وه‌ هه‌یه‌. كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌یه‌وێت بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی پشتیوانی پرۆژه‌كه‌ی مه‌لابه‌ختیار بكات، نه‌ك له‌به‌ر ناوه‌رۆكی پرۆژه‌كه‌.

رۆژی ٢٠ی ئه‌م مانگه‌، مه‌لابه‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، پرۆژه‌یه‌كی له‌ژێرناوی (هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ره‌خنه‌گرانه‌) ئاڕاسته‌ی ئه‌ندام و به‌رپرسانی حزبه‌كه‌ی كرد، كه‌ له‌ناوخۆی یه‌كێتی و له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا.