کوردستان

06:18 - 20/07/2019

یه‌كێتى بۆ پۆستى پارێزگارى سلێمانى سێ كاندیدى هه‌یه‌‌

پەیسەر

سێ به‌رپرسی باڵای یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان، كێبڕكێ ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنى پۆستی پارێزگاری سلێمانی. تائێستا هیچ كام له‌و كاندیدانه‌ یه‌كلانه‌بوونه‌ته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، له‌تیف شێخ عومه‌ر گوته‌بێژی یه‌كێتی، قادرحه‌مه‌جان كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و عزه‌ت سابیر په‌رله‌مانتاری پێشووی یه‌كێتی، كێبركێ ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنى پۆستی پارێزگاری سلێمانی، له‌ ئه‌گه‌رى وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته‌ له‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاندیده‌كانی ئه‌و پۆسته‌ زیاد بوون و هه‌ریه‌كه‌شیان له‌لایه‌ن باڵێكی حزبه‌كه‌یانه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێن، بۆیه‌ پێده‌چێت گه‌رێكی تری ململانێی ناوخۆی له‌ناو یه‌كێتی دروست بێت، ئه‌گه‌ریش باڵه‌كانی ئه‌و حزبه‌ له‌سه‌ر كاندیدێك رێكنه‌كه‌ون ئه‌وه‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر له‌پۆسته‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌میكانزمی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، وه‌ك هه‌میشه‌ یاخود له‌رێگه‌ی ته‌وافوقی باڵه‌كانه‌وه‌ده‌بێت، یان ده‌نگدانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌.

یه‌كێتى و گۆڕان بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌ خۆجێییه‌كانى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ رێككه‌وتنیان له‌نێواندابوو، تا ئێستا رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌.