کوردستان

05:30 - 20/07/2019

پارتى له‌سه‌ر پارێزگارى هه‌ولێر له‌نێوخۆیدا ناكۆكه‌‌

پەیسەر

پارتى له‌سه‌ر پۆستى پارێزگارى هه‌ولێر له‌نێوخۆیدا ناكۆكه‌، نێچیرڤان بارزانى دژى گۆڕینى نه‌وزاد هادییه‌، مه‌سرور بارزانیش ده‌یه‌وێت فرسه‌ت سۆفى بكرێته‌ پارێزگار.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، پێشتر نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی، رێككه‌وتبوون له‌سه‌رئه‌وه‌ی نه‌وزاد هادی پارێزگاری ئێستای هه‌ولێر، ببێته‌ وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێم، له‌به‌رامبه‌ردا فرسه‌ت سۆفی ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مان بكرێته‌ پارێزگاری هه‌ولێر، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی كه‌مال محه‌مه‌د ساڵح خه‌لیل-ی بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید كرد، له‌ئێستادا نێچیرڤان بارزانی رێگری ده‌كات له‌گۆڕینی پارێزگاری هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، مه‌سرور بارزانی به‌نێچیرڤان بارزانی راگه‌یاندووه‌، گۆڕینی كاندیدی وه‌زاره‌تی كاره‌با به‌ئاگاداری سه‌ركردایه‌تی پارتی بووه‌، بڕیاری تاكه‌كه‌سی خۆی نه‌بووه‌، له‌به‌رامبه‌ردا نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاندووه‌، ده‌بێت تاهه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان نه‌وزاد هادی له‌پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌.

مه‌سرور بارزانى له‌ولیسته‌ى كه‌ پێشكه‌شى په‌رله‌مانى كرد، ناو كاندیده‌كانى نزیك له‌ نێچیرڤان بارزانى گۆڕى و ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى نه‌كردن، ناوى هه‌ریه‌كه‌ له‌ نه‌وزاد هادى، ئاشتى هه‌ورامى، ره‌وانه‌ نه‌كردو ڤالا فه‌ردیشى له‌ كاندیدى وه‌زیرى داده‌وه‌ كرد به‌ وه‌زیرى هه‌رێم.