کوردستان

04:27 - 20/07/2019

ئێران له‌ به‌رهه‌م ساڵح نیگه‌رانه‌‌

پەیسەر

ئێران نیگه‌رانه‌ له‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق، و له‌به‌رامبه‌ر نزیكبوونه‌وه‌ى له‌پارتی و توركیا هۆشداری پێداوه‌، پێى راگه‌یاندووه‌ ده‌بێت به‌هه‌ستیارییه‌وه‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ كێبڕكێكاره‌كانی تاران بكات.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌ی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوون، ئێران له‌ كۆمه‌ڵێك جوڵه‌و هه‌نگاوى به‌رهه‌م ساڵح نیگه‌رانه‌ كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌گه‌ڵ پارتى و توركیا نزیكبووه‌ته‌وه‌. دواى ئه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی كرد، بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و به‌رهه‌م ساڵح، هه‌روه‌ها به‌رهه‌م ساڵح نێوه‌ندگیری نێوان هه‌ولێر و به‌غدادی كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان، پارتی به‌كاندیدی به‌رهه‌م ساڵح بۆ پۆستی وه‌زیری دادی حكومه‌تی فیدراڵی و پارێزگاری كه‌ركوك رازی بوو.

هه‌روه‌ها پارتى چاوپۆشی له‌وه‌كرد، وه‌زیری خوێندنی باڵای كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم بدرێته‌ كه‌سێكی نزیكی به‌رهه‌م ساڵح. دواتر سه‌ردانی مه‌سرور بارزانی و پێشوازی گه‌رمی به‌رهه‌م ساڵح و هه‌روه‌ها پرسی سه‌ردانی سه‌رۆك كۆمار بۆ توركیا و ناردنی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی بۆ كوژرانی جێگری كونسوڵی توركیا له‌ هه‌ولێر و ئاشكرابوونی هه‌وڵه‌كانی پێشووتری به‌رهه‌م ساڵح بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێگه‌ی توركیاوه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی ئاسایی بكاته‌وه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ ئێران-یان نیگه‌ران كردووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان، تاران به‌فه‌رمی هۆشداری به‌ به‌رهه‌م ساڵح داوه‌، پێی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و به‌پشتیوانی ئێران و شیعه‌كان بووه‌ته‌ سه‌رۆك كۆمار نه‌ك به‌پشتیوانی پارتی و توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی، بۆیه‌ ده‌بێت به‌هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ كێبڕكێكاره‌كانی تاران بكات.

مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو، به‌رهه‌م ساڵح كاندیدی یه‌كێتی له‌ به‌رامبه‌ر فوادحوسێن كاندیدی پارتی، سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناو به‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق هه‌ڵبژێردرا، زۆرینه‌ى كوتله‌ شیعییه‌كان پشتیوانى به‌رهه‌م ساڵح-یان كرد، سوننه‌كان ده‌نگیان به‌ فواد حسێن دا.