03:59 - 20/07/2019
مه‌سرور بارزانی سه‌ردانی توركیا ده‌كات
مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا سه‌ردانی توركیا ده‌كات، ئه‌جێنداى سه‌ردانه‌كه‌شى تاووتوێكردنى مه‌له‌فى نه‌وته.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه ده‌ستیكه‌وتووه، دووه‌م سه‌ردانی مه‌سرور بارزانی بۆ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم، بۆ توركیا ده‌بێت و له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و سه‌ردانه ئه‌نجامده‌درێت.
به‌پێى زانیارییه‌كان، مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ توركیا، ده‌یه‌وێت زانیاری ته‌واو وه‌ربگرێت، ده‌رباره‌ی چۆنێتی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم و چۆنێتی گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌ی نه‌وت، سه‌رباری ئه‌وه‌ش ده‌یه‌وێت، له‌نزیكه‌وه زانیاری ده‌رباره‌ی ئه‌و قه‌رزانه وه‌ربگرێت كه حكومه‌تی هه‌رێم له‌توركیا كردوونی و دواتر دراونه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تیش ده‌رباره‌ی چۆنێتی قه‌رزه‌كان و چۆنێتی دانه‌وه‌یان.
سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، توركیا هیچ قه‌رزێكی له‌سه‌ر هه‌رێم نه‌ماوه، به‌ڵام مه‌سرور بارزانی ده‌یه‌وێت، زانیاری ورد ده‌رباره‌ی ئه‌و دۆسیه‌یه كۆبكاته‌وه.
مه‌سرور بارزانى رۆژى ١٠ی ئه‌م مانگه، له‌یه‌كه‌م سه‌ردانیدا بۆ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم، سه‌ردانى به‌غداى كرد. ئه‌نقه‌ره دووه‌م وێستگه‌ى سه‌ردانه‌كانى سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت.