کوردستان

11:40 - 20/07/2019

فەرماندەی گشتی هەسەدە: ئەمریکا و هاوپەیمانان دژی هێرشی تورکیان‌

پەیسەر

مەزلۆم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ئەگەر هێزەکانی تورکیا هێرش بکەنە سەر هەر ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا، شەڕێکی زۆر گەورە ڕوودەدات و ئەمریکا و فەرەنساش تورکیایان ئاگادار کردووەتەوە.

فەرماندەی گشتی هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا) ئاماژەی بە هەڕەشە و لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ سەر سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و ڕایگەیاند، تورکیا هێزێکی زۆری لە سەر سنوور کۆکردووەتەوە و هێزەکانی ئێمەش لە سەر سنوورن. تورکیا بە دوای هەلێکدا دەگەڕێت، ئەگەر هەڵەیەک بکات دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگێکی گەورە.

 مەزلۆم عەبدی گوتی: "ڕۆژهەڵاتی فورات و عەفرین وەک یەک نین. ئەو ڕووداوانەی لە عەفرین ڕوویاندا، لە ڕۆژهەڵاتی فورات دووبارە نابنەوە، ئێمە ڕێگا بەوەنادەین".

عەبدی ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ ئەمریکادا هاوپەیمانییەکیان هەیە و پێکەوە دژی داعش تێدەکۆشن، یەپەگەش هێزی سەرەکی ناو هەسەدەیە. ئەگەر تورکیا هێرش بکات، یەپەگە دەکشێتەوە و لەسەر سنوور دژی سوپای تورکیا بەرگری دەکات، ئەمەش کاریگەرییەکی خراپ لەسەر شەڕی دژی داعش دروستدەکات. لەبەر ئەو هۆکارە ئەمریکا و هاوپەیمانان دژی هێرشی تورکیان.