04:53 - 19/07/2019
وادەكەی حكومەت بۆ سەرمایەدار و وەبەرهێنەران كۆتایی دێت
سبەینێ شەممە، ئەو وادەیەیەی كە حكومەت بۆ گەڕانەوەی قەرزەكانی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و بازرگانەكانە دیاریكردبوو، كۆتایی دێت، حكومەت ئەوەشی كردبووە مەرج كە لەو وادەیە قەرزەكان نەگێڕنەوە دەست بەسەر موڵكەكانیان دەگرێت و لەبری قەرزەكانی دەیانفرۆشێت.
بەپێی ئەو زانیارییەكانی پەیسەرپرێس كە لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمەوە دەستی كەوتووە، مانگی شوباتی ئەم ساڵ وەزارەتی دارایی نوسراوی بۆ هەموو ئەو بازرگان و وەبەرهێنەر و سەرمایەدارانە رەوانەكردووە كە قەرزی حكومەتیان لایە. كە رۆژی 20/8/2019 دوا وادەی گەرانەوەی قەرزەكانە بەپێچەوانەوە ئەو موڵكانەی وەك رەهن بۆ وەرگرتنی ئەو قەرزانە دایانناوە، بەپێی رێكارەكانی وەزارەت دەستیان بەسەردا دەگیردرێت و دەفرۆشرێن.
سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی بە پەیسەرپرێسی راگەیاند: ژمارەی ئەو كەسانەی قەرزی حكومەتیان لەلایە 2 هەزار و 700 سەرمایەدارن و كۆی ئەو پارەیەش لەلایانە 690 ملیۆن دۆلارە.
پێشتریش لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و لەساڵی 2016 دا حكومەتی هەرێم، داوای لەو بازرگان و سەرمایەدارانە كرد قەرزەكانیان بگەڕێننەوە، بەڵام بڕیارەكە جێبەجێ نەكرا.
بەپێی زانیاریەكان بەشێك لەو سەرمایەدارانە موڵكیان رەهن نەكردووە و بەشێكی تریشیان بەهای موڵكەكانیان زۆر كەمترە لەو پارەی وەریان گرتووە، سەرباری ئەوەش دەبوایە لەساڵی 2013 دا قەرزەكان بگەڕێننەوە. جگە لەوەی سەدان ملیار دینار سودی ئەو قەرزانەش لەچەند ساڵی رابردوودا كەڵەكەبووە و سەرمایەدارەكان نەیانداوەتە حكومەت.