02:04 - 19/07/2019
مەلابەختیار پرۆژەكەی بڵاودەكاتەوە
سبەینێ مەلابەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی، پرۆژەكەی دەربارەی یەكێتی بڵاودەكاتەوە و پەیسەرپرێس زانیاری دەربارەی ئەو پرۆژەیە ئاشكرا دەكات.
بڕیارە سبەینێ مەلابەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەشاری سلێمانی، پرۆژەكەی بۆ باشكردنی دۆخی یەكێتی و بەستنی كۆنگرە و چۆنیەتی چارەسەر كردنی كێشەكانی ناو حزب بڵاوبكاتەوە.
بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس، بڕیاربوو پرۆژەكەی مەلابەختیار لەكۆنگرە ئاشكرا بكرێت، بەڵام بەهۆی زۆربوونی پرۆژەی بەرپرسانی دیكەی یەكێتییەوە، مەلابەختیار پێی وابوو قورسایی پرۆژەكە لەناو كۆنگرە كەم دەبێتەوەو باشتر وایە لەدەرەوە بۆ رایگشتی ئاشكرا بكرێت.
مەلابەختیار ترسیشی لەوە هەبووە رێگەی پێنەدەن لەكۆنگرە پرۆژەكەی پێشكەش بكات، بەوپێیەی ماڵی تاڵەبانی لەبەرژەوەندی خۆیانی نابینن بۆیە دەیەوێت لەئێستاوە لەناو ئۆرگان و رێكخستنەكانی حزبەكەی پشتیوانی و پاڵپشتی بۆ پەیدا بكات.
لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەشداریكردنی لەكۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بەستۆتەوە بە سەركەوتن و پاڵپشتیكردنی پرۆژەكەی.