07:47 - 18/07/2019
دانوستانی كورد و پێكهاتەكانی كەركوك دەستپێدەكات
بریارە هەفتەی داهاتوو دانوستانی كورد و پێكهاتەكانی كەركوك، دەربارەی پۆستی پارێزگار و كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، دەستپێبكات.
ئەو زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەفدێكی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لەكەركوك، سەردانی عەرەب و توركمانەكانی شارەكە بكەن، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری شارەكە و كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا.
لەوبارەوە سەرچاوەكەیەكی بەرپرس و ئاگادار بە پەیسەرپرێسی راگەیاند: تا ئێستا روون نیە كە وەفدەكە لەهەولێر و سلێمانیەوە، سەردان دەكەن یان بەرپرسانی یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی شارەكە خۆیان دەست بەدانوستان دەكەن، و بڕیاریشە ئەم لیژنەیە راپۆرتی خۆی دەربارەی كۆبونەوەكە بۆ سەركردایەتی یەكێتی و پارتی بەرزبكاتەوە و ئەوانیش لەسەر راسپاردەكانی ئەو كۆبونەوانە وەفدێك رەوانەی بەغداد بكەن.
تا كورد رێككەوتن لەگەڵ عەرەب و توركمانەكانی كەركوك نەكات وەفد رەوانەی بەغداد ناكات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك و ئاسایكردنەوەی دۆخی پارێزگاكە.
لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر پۆستی پارێزگاری كەركوك لەلایەن راكان جبورییەوە بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێت، بەهۆی ململانێی پارتی و یەكێتیشەوە لەسەر دانانی پارێزگارێكی كورد نەتوانراوە، كەسێكی دیكە بۆ ئەو پۆستەی كورد دابنرێت.
یەكێتی و پارتیش بەدیاریكراویش لەنێوان مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ، لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نوێدا رێككەوتن لەسەر ئەوەی لە رێگەی وەفدێكەوە كە رەوانەی بەغدا بكرێت لەسەر دانانی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگارو چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك لەگەڵ بەغدا.