05:04 - 18/07/2019
هەنگاوێكی نوێ بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 لەنێوان هەرێم و بەغدا دەستپێدەكات
هەرێم و بەغداد لیژنەیەكی هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 پێكدەهێنن و داواش دەكرێت سەرۆكی لیژنەكە یەكێك لە وەزیرەكانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی بێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە لەمیانی سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ بەغداد لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتووە لیژنەیەكی هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 پێكبهێنن.
سەرچاوەكە دەڵێت، نوێنەرانی هەرێم بۆ لیژنەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دیاری دەكرێن و نوێنەری سێ لایەنەسەرەكیەكەی هەرێمی تێدادەبێت. لەلایەن بەغداشەوە لیژنەكە بەهەمان شێوە ئەنجومەنی وەزیران دیاری دەكات و ئەو لیژنەیە خۆی بەدواداچوون بۆ ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ئەو مادەیە دەكات.
بەپێی زانیاریەكان، حكومەتی هەرێم داوایكردووە یەكێك لە وەزیرەكانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی بكرێتە سەرۆكی لیژنەكە بۆ ئەوەی جێبەجێكردنی خێرا بكرێت.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت: هەوڵێك هەیەبۆ ئەوەی پرۆژەیەك دەربارەی مادەی 140 لەئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت كە تێیدا دوا وادەی جێبەجێكردنی ئەو مادەیە كۆتایی ئەم خولەی پەرلەمان و حكومەت بێت.