06:43 - 16/07/2019
ئەنجومەنی وەزیران داوایەك لە وەزیرەكانی كابینەی پێشوو دەكات
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، داوا لەوەزیرانی كابینەی پێشوو و سەرۆك دەستەكان دەكات مامەڵەی خانەنشینی بكەن.
بەپێی ئەو زانیاریانی بەردەستی پەیسەرپرێس، ئەنجومەنی وەزیران،پەیوەندی بەوەزیرەكانی كابینەی پێشووی حكومەتەوە كردووە و داوای لێكردوون لەم هەفتەیەدا مامەڵەی خانەنشین بوون بكەن.
زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەدەن، مامەڵەی خانەنشینیەكە لەرێگەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە دەكرێت و بەپێی یاساش دەبێت وەزیرەكان ئەستۆپاكیان پێ بێت، كە ئۆتۆمبێل و خانووی حكومەت و كەرەستەكانی تریان گەراندۆتەوە، بەڵام لەكابینەكانی پێشوو كەمتر ئەوە جێبەجێ كراوە.
هەر وەزیرێك یان وەكیل وەزیرێك بە بڕی موچەی 6 ملیۆن و 800 هەزار دیناری عێراقی خانەنشین دەكرێت و 6 موچەش بەسەریەكەوە وەردەگرێت جگە لەوەی بڕە پارەیەكیان وەك ئیكرامیە پێ دەدرێت.
سەبارەت بەوەی بەیاسای نوێی خانەنشینی خانەنشین دەبن یان یاسا كۆنەكە، زانیارییەكان دەڵێن، یاسا نوێكە گەرێندراوەتە بۆ حكومەت و بڕیارە مانگی ئەیلول جارێكی تر پەرلەمان پەسەندی بكاتەوە، بۆیە كار بەیاسا نوێكە ناكرێت و بەیاسا كۆنەكە خانەنشین دەبن.