02:13 - 16/07/2019
هەوڵێكی دیكەی مەسرور بارزانی بۆ دوورخستنەوەی ئاشتی هەورامی
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ دوورخستنەوەی ئاشتی هەورامی لەكابینەی حكومەت داوای هاوكاری لەبەغداد دەكات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتو، مەسرور بارزانی دەیەوێت لەبەرامبەر فشارەكانی توركیا بۆ هێشتنەوەی ئاشتی هەورامی لەسەردانەكەی ئەمرۆدا، پاڵپشتی بەغداد بۆ دوورخستنەوەی بەدەست بهێنێت، بۆئەمەش هەوڵی رێككەوتن لەسەر هەناردەی نەوت لەگەڵ بەغدا لە غیابی ئاشتی هەورامی دەدات.
زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوەدەدەن، مەسرور بارزانی دەیەوێت لەبەرامبەر كێشانەوەی سكاڵای وەزارەتی نەوت لەدژی هەرێمی كوردستان، هەولێر لەئایندەیەكی نزیكدا رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای هەناردەكردنی نەوتی عێراق سۆمۆ بكات.
تاكە ئاستەنگی بەردەم هەرێم پرسی قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هەرێمە، كە حكومەت دەیەوێت بەغداد ئەو قەرزانە بداتەوە یان رێگە بەهەرێم بدات تا كۆتایی ئەم ساڵ خۆی بەسەربەخۆی نەوتەكەی بفرۆشێت كە ئامانجیش لەوە دانەوەی قەرزەكانی سەرییەتی.