01:56 - 16/07/2019
پەیسەر ئامانجی سەردانەكەی وەفدی حكومەت بۆ بەغدا ئاشكرا دەكات
ئامانجی سەردانەكەی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دوو تەوەرە، هەروەها و ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاش چاودێری دانوستانەكان دەكات.
ئەمرۆ وەفدێكی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەیاوەری هەریەك لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت وەزیرانی دارایی و داد و پێشمەرگە و ناوخۆ سەردانی بەغداد دەكەن و پرسی یاسای نەوت و غاز و هەناردەی نەوت و بودجە و موچەی فەرمانبەران و گەرانەوەی پێشمەرگە و كێشەی ناوچە دابڕێندراوەكان و قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هەرێم تاوتوێ دەكرێن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە پێناچێت لە كۆبونەوەی ئەمرۆ رێككەوتنی كۆتایی دەربارەی كێشەكانی هەرێم و بەغداد بكرێت، بەڵام ئامادەكاری دەكرێت بۆ چارەسەری كێشەكان.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، وەفدەكەی هەرێم لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان كۆدەبێتەوە و ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاش ئاگاداری سەردانەكەیە و چاودێری دەكات بەڵام دەستوەردان ناكات.
هەروەها بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە پەیسەری راگەیاند: ئامانجی سەردانەكەی ئەمڕۆی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوو تەوەری سەرەكی لە خۆدەگرێت، یەكێكیان رادەستكردنی بەشە نەوتی هەرێمە وەك لە بودجەدا هاتووە، بەڵام بۆ ئەم تەوەرە مەرجێكیان هەیە كە وەك ئامانجی دووەمی سەردانەكە دەخرێتەڕوو.
گوتیشی: مەرجەكە و تەوەری دووەمی سەردانەكە، داواكردنە لە حكومەتی بەغدا، پیاچوونەوە بە ناردنی نەوتی هەرێم لە ماوەی ساڵانی رابردوو بكرێت و هەرچی داهاتی وەدەستهاتووی هەرێمە كە لەڕێی فرۆشتنی نەوتەوە دەستی كەوتووە، ئەژماربكرێت و بەراوردی ئەو بودجەیە بكرێت كە لەو ساڵانەدا، بەغدا لە حسابی هەرێم بڕیویەتی.
ئەو بەرپرسەی حكومەت ئەوەشی گوت: هەرێم دەیەوێت، هەموو ئەو پارانەی كە داویەتە كۆمپانیاكانی نەوت و موچەی فەرمانبەران بەراوردی بكات بە بودجەی هەرێم و لەوێوە، داوای گەڕانەوەی بەشە بودجە بڕاوەكانی هەرێم دەكات.
بە پێی زانیارییەكان كە لە وەفدەكەی هەرێمەوە دەستی كەوتووە، پێناچێت وەفدەكەی ئەمڕۆ بگەنە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەوەش پلانی بیان هەیە، ئەویش بەردەوامبوونی سیاسەتی ئێستای ناردنی بەشە بودجەی هەرێمە تا كۆتایی ساڵ و دوای ئەوەش هەرێم و بەغدا بگەنە رێككەوتنێكی نوێ لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020.