کوردستان

03:21 - 14/07/2019

ناڕازییه‌كانى نێو یه‌كێتى زیاتربوون و ركابه‌رى پۆستى سكرتێر ده‌ستیپێكردووه‌‌

پەیسەر

ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندى یه‌كێتى، داواده‌كه‌ن له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كۆنگره‌ى حزبه‌كه‌ ئه‌نجامبدرێت. یاخود سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی رێكبخرێته‌وه‌. ماڵى تاڵه‌بانیش فشاریان ده‌ستپێكردووه‌ بۆئه‌وه‌ى له‌كۆتایى ئه‌مساڵ كۆنگره‌بكرێت. ركابه‌رى له‌سه‌ر پۆستى سكرتێریش ده‌ستیپێكردووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌ی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوون، ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی، له‌نامه‌یه‌كدا بۆ جێگرانی سكرتێری گشتی و مه‌كته‌بی سیاسی، داوایانكردووه‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا یه‌كێتی كۆنگره‌ ببه‌ستێت، یاخود سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی رێكبخرێنه‌وه‌و شوێنی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ پڕبكرێنه‌وه‌ كه‌ دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌، یاخود چوونه‌تە ناو لایه‌نێكی تر.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، ئه‌وانه‌ى ناڕازین له‌ دواكه‌وتنى زیاترى گۆنگره‌ ژماره‌یان زۆرتر بووه‌، پێكدێن له‌ مه‌حمود سه‌نگاوی، سامان گه‌رمیانی، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، فواد مه‌عسوم، مسته‌فا چاوڕه‌ش، مه‌لابه‌ختیار، لاهور شێخ جه‌نگی، عه‌تا سه‌راوی، ئه‌رسه‌لان بایز، عه‌دنان موفتی و چه‌ند ئه‌ندامێكی دیكه‌ى مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتى.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی رزگارعه‌لی بكرێته‌ به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی، له‌شوێنی شۆڕش ئیسماعیل و مه‌حمود سه‌نگاوی بكرێته‌ به‌رپرسی هێزه‌كانی ٧٠ و مسته‌فا چاوڕه‌ش بكرێته‌ جێگری، سامان گه‌رمیانی-ش بكرێته‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، بۆ ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان كه‌مترببنه‌وه‌.

كۆنگره‌ ده‌كرێت؟

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، ماڵی تاڵه‌بانی هه‌موو هه‌وڵێكیان خستووه‌ته‌گه‌ر بۆئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی ببه‌سترێت، كێبڕكێ له‌سه‌ر سكرتێری هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ری هاوسه‌رۆكیش به‌هێزه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، بافڵ تاڵه‌بانی ده‌یه‌وێت كۆسره‌ت ره‌سوڵ رازی بكات، بۆئه‌وه‌ی خۆی ببێته‌ سكرتێری یه‌كێتی و له‌هه‌مان كاتدا ده‌زگای زانیاری و دژه‌تیرۆریش به‌ڕێوه‌به‌رێت، له‌ به‌رامبه‌ردا به‌رهه‌م ساڵح ده‌یه‌وێت پۆستی سكرتێری یه‌كێتی وه‌ربگرێت و له‌هه‌مان كاتدا وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عێراق بمێنێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، لاهورشێخ جه‌نگی له‌كۆنگره‌ی چواره‌م ده‌بنه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌حزب دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، خۆی بۆ هیچ پۆستێك كاندید ناكاته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى كۆسره‌ت ره‌سوڵ، زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌وه‌ رازیه‌ بافڵ تاڵه‌بانی ببێته‌ سكرتێر، به‌مه‌رجێك شاڵاوی كوڕی بكرێته‌ جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی و ئه‌و هێزه‌ش كه‌ له‌خۆیانه‌وه‌ نزیكه‌، له‌ژێر فه‌رمانده‌یی خۆیان(ماڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ)دا بمێنێته‌وه‌.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، چاوی له‌وه‌یه‌ بكرێته‌ جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی، ئه‌گه‌ر گره‌نتی ئه‌وه‌ی پێنه‌درێت به‌شداری كۆنگره‌ ناكات، پرۆژه‌یه‌كی هه‌یه‌ بۆ رای گشتی و ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ی بڵاوی ده‌كاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌لابه‌ختیار بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كه‌ی، كه‌ تێیدا داوای شه‌فافیه‌ت له‌داهات و خه‌رجی یه‌كێتی و گه‌راندنه‌وه‌ی بڕیاری حزب بۆ مه‌كته‌بی سیاسی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ فشار له‌سه‌ر ماڵی تاڵه‌بانی دروستبكات كه‌ به‌داواكارییه‌كه‌ی رازی بن.

یه‌كێتى له‌ ته‌مه‌نى خۆیدا سێ كۆنگره‌ى به‌ستووه‌، به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى حزبه‌كه‌، ده‌بوو ساڵى ٢٠١٤  كۆنگره‌ ببه‌ستێت، به‌ڵام ته‌نها پلنیۆمێكى به‌ستوو كۆنگره‌ دواكه‌وت، چه‌ند جارێك واده‌ بۆ كۆنگره‌ دیاریكراوه‌، به‌ڵام كۆنگره‌كه‌ ئه‌نجامنه‌دراوه‌.