کوردستان

02:20 - 14/07/2019

یه‌كێتى، پارتى و گۆڕان له‌سه‌ر پێكهێنانى لیژنه‌كه‌ى به‌غدا ناكۆكن‌

پەیسەر

بڕیاره‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا، یه‌كێتی و پارتی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌غداد پێكبهێنن، بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و كێشه‌كانى دیكه‌، په‌یسه‌رپرێس ناكۆكی ئه‌و دووحزبه‌ له‌سه‌ر چۆنێتی لیژنه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان پێیباشه‌ لیژنه‌كه‌ حزبی بێت، و له‌ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی هه‌ردوولا پێكبێت و سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن، به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی پێشمه‌رگه‌ و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و یاسای نه‌وت و گاز و پرسی بوودجه‌، یه‌كێتی پێی باشه‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ی كه‌ لای شیعه‌كان ناسراون و خاوه‌ن پێگه‌ن، به‌شداربن له‌و لیژنه‌یه‌دا.

له‌به‌رامبه‌ردا پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، پێیان باشه‌ لیژنه‌كه‌ حكومی بێت و وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان تێیدا به‌شداربن، به‌وپێیه‌ی ئه‌وان ئاستی كێشه‌كان و چۆنێتی چاره‌سه‌ر و میكانیزمی ئاساییكردنه‌وه‌یان ده‌زانن، دانوستانه‌كانیش له‌ژێر چاودێری خودی سه‌رۆكی هه‌رێمدابن.

پێشتر پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌رئه‌وه‌ رێككه‌وتن، كه‌ له‌دوای پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت، لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد ره‌وانه‌ی به‌غداد بكه‌ن. بڕیاره‌ له‌كابینه‌ى نوێ وه‌زارتێك بۆ كاروبارى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێرو به‌غدا دروستبكرێت.