کوردستان

01:56 - 14/07/2019

ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى یه‌كێتى سه‌باره‌ت به‌پارێزگارى سلێمانى داوایه‌ك له‌ قوباد تاڵه‌بانی ده‌كه‌ن‌

پەیسەر


ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی یه‌كێتی داوا له‌قوباد تاڵه‌بانى ده‌كه‌ن، هاوشێوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌، فه‌رمانێك بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر له‌ پۆستی پارێزگارى سلێمانى  ده‌ربكات و راژه‌كه‌ی بگوازێته‌وه‌ بۆ ناو وه‌زاره‌تی ناوخۆ.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی یه‌كێتی داوایان له‌ قوباد تاڵه‌بانی كردووه‌، به‌راوێژ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌ت، فه‌رمانێك بۆ به‌خشینی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر له‌پۆستی پارێزگاری سلێمانی ده‌ربكات و راژه‌كه‌ی بگوازێته‌وه‌ بۆ ناو دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، هاوشێوه‌ی فه‌رمانه‌كه‌ی بۆ دڵشاد عومه‌ر به‌ڕێوبه‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ده‌ریكرد.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، ئه‌و هه‌وڵه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ یه‌كێتی پێی وایه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران ئاماده‌نییه‌ پۆستی پارێزگاری سلێمانی راده‌ستی یه‌كێتی بكات، تا ئه‌و كاته‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ئه‌نجامده‌درێت.

ئه‌و به‌رپرسانه‌ی یه‌كێتی داواشیان كردووه‌، له‌هه‌مان رۆژدا قوباد تاڵه‌بانی فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربوون بۆ پارێزگارێكی یه‌كێتی به‌شێوه‌ی وه‌كاله‌ت ده‌ربكات، كاندیدی به‌هێزیش بۆ ئه‌و پۆسته‌ دكتۆر عزه‌ت سابیره‌.

به‌پێى یاساى ژماره‌ سێى ساڵى ٢٠٠٩، هه‌ڵبژاردنى پارێزگار له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانه‌. ئه‌و به‌رپرسانه‌ى یه‌كێتى ده‌زانن له‌رێگه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ حزبه‌كه‌یان ناتوانێت پۆستى پارێزگار وه‌بگرێته‌وه‌، بۆیه‌ش بیرۆكه‌ى پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كه‌یان به‌ وه‌كاله‌ت به‌ قوباد تاڵه‌بانى داوه‌.