کوردستان

04:24 - 13/07/2019

مالیكی به‌ئه‌مینداری گشتی حزبی ده‌عوه‌ هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌‌

پەیسەر

نوری مالیكی، جارێكى دیكه‌ به‌ ئه‌مینداری گشتی حزبی ده‌عوه‌ هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌، له‌ كۆنگره‌ى حزبه‌كه‌ى كه‌ له‌ كه‌ربه‌لا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. 

سه‌عد مه‌تڵه‌بی سه‌ركرده‌ له‌ده‌وڵه‌تی یاسا، به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له‌میانی كۆنگره‌ی حزبی ده‌عوه‌ كه‌ له‌ شاری كه‌ربه‌لا به‌رێوه‌ده‌چێت، نوری مالیكی به‌ ئه‌مینداری گشتی حزبی ده‌عوه‌ به‌بێ ركابه‌ر هه‌ڵبژێدرایه‌وه‌. كۆنگره‌كه‌ سبه‌ینێ كۆتایى دێت.

سه‌باره‌ت به‌بۆچوونی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌رباره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، مه‌تڵه‌بی رایگه‌یاند، ئه‌وان دژی ئه‌و هه‌نگاوه‌ن و پێیان وایه‌ ده‌بێت سه‌رۆك وه‌زیران روونی بكاته‌وه‌، كه‌ ئایه‌ عێراق پێویستی به‌ هێزی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی دژه‌تیرۆر و حه‌شدی شه‌عبی هه‌یه‌ یان سوپا به‌ته‌نها ده‌توانێت دۆخی ئه‌منی كۆنترۆڵ بكات.

گوتیشی،"حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك ده‌زگای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر وایه‌، هێشتا سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق روونكردنه‌وه‌ی پێشووی ده‌رباره‌ی پلانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و تێكه‌ڵكردنی به‌ سوپای عێراق نه‌داوه‌، پێناچێت ئه‌و پرۆژه‌یه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌و پرسه‌ ئاڵۆزه‌ و به‌ئاسانی چاره‌سه‌ری بۆ نادۆزرێته‌وه‌".

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى ده‌وڵه‌تى یاسا جه‌ختیكرده‌وه‌، ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت كه‌ ئایا مانه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی پێویستتره‌ یاخوود هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی،"ئه‌وه‌ پرسێكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ناوخۆی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ك كاریگه‌ری ده‌ره‌كی".

عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ بڕیارێكى ١٠ خاڵى له‌سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى ده‌ركردو به‌پێى بڕیاره‌كه‌، ده‌بێت هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى تێكه‌ڵ به‌ یه‌كه‌كانى سوپاى عێراق بكرێن.