کوردستان

03:11 - 13/07/2019

هۆكارى ده‌نگنه‌دانى چوار په‌رله‌مانتارى نه‌وه‌ى نوێ به‌ شادى نه‌وزاد‌

پەیسەر

پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رۆكى نوێى هه‌ڵبژارد، شادى نه‌وزاد له‌ فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ ركابه‌رى رێواس فایه‌ق كاندیدى یه‌كێتى ده‌كرد بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، شاسوار عه‌بدولواحید رێگه‌ى نه‌داوه‌ په‌رله‌مانتاره‌كانى نزیك له‌ خۆى ده‌نگ به‌ شادى نه‌وزاد بده‌ن.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ، داوای له‌په‌رله‌مانتارانی نزیك له‌خۆى كردووه‌ كه‌ چوار په‌رله‌مانتارن، ده‌نگ به‌شاد نه‌وزاد نه‌ده‌ن بۆ پۆستى سه‌رۆكی په‌رله‌مان.

به‌هۆى داواكارییه‌كه‌ى شاسوار عه‌بدولواحیده‌وه‌، چوار ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌ فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ، ده‌نگیان به‌شادى نه‌وزاد نه‌دا، به‌ڵام چوار ئه‌ندامی دیكه‌ى فراكسیۆنه‌كه‌ كه‌ خۆیان به‌باڵی ناڕازی نه‌وه‌ی نوێ ده‌زانن، ده‌نگیان به‌شادى نه‌وزاد داوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش فراكسیۆنه‌كانی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی تر ده‌نگیان پێدا.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێى په‌رله‌مان كۆبووه‌وه‌، تێیدا رێواس فایه‌ق كاندیدی یه‌كێتی به‌ به‌ده‌ستهێنانی ٧٢ ده‌نگ له‌به‌رامبه‌ر شادی نه‌وزاد كه‌ ١٦ ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، بووه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان.