کوردستان

03:08 - 11/07/2019

ورده‌كارى پلانى پارتى له‌ ده‌نگدان به‌ ستافى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت‌

پەیسەر

فراكسیۆنى زه‌رد له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، پلانێكى تایبه‌تى داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مه‌سرور بارزانى زۆرترین ده‌نگ بهێنێت له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌پێی پلانه‌كه‌ كه‌مترین ده‌نگ بۆ قوباد تاڵه‌بانى و خالید شوانى بوو له‌په‌رله‌مانى كوردستان.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، چوار په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی راسپێردراون، ته‌نها ده‌نگ به‌ كاندیدی سه‌رۆكی حكومه‌ت بده‌ن و ده‌نگ به‌ هیچ كاندیدێكى دیكه‌ نه‌ده‌ن.

جگه‌ له‌و چوار په‌رله‌مانتاره‌ ١١ په‌رله‌مانتاری نزیک لە نێچیرڤان بارزانی، له‌ كاردانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ فراكسیۆنى پارتى ده‌نگى به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم نه‌دا، دوێنێ ده‌نگیان به‌ قوباد تاڵه‌بانى نه‌دا، به‌وجۆره‌ش ١٥ په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى پارتى، ده‌نگیان به‌ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت نه‌دا.

مه‌سرور بارزانی به‌ ٨٨ ده‌نگ بووه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت و  قوباد تاڵه‌بانی-ش ٧٣ده‌نگی په‌رله‌مانتارانى به‌ده‌ستهێنا بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت.

فراكسیۆنى پارتى پێشتر كۆبوونه‌وه‌ى كردووه‌و چوار په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى راسپاردووه‌، ته‌نها ده‌نگ به‌ مه‌سرور بارزانی بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كاندیدێك بۆ هیچ پۆستێك ده‌نگه‌كانی نه‌گاته‌ ده‌نگی سه‌رۆكى حكومه‌ت، ١١ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى دیكه‌ش رایانگه‌یاندووه‌، كه‌ ده‌نگ به‌قوباد تاڵه‌بانی ناده‌ن له‌ تۆڵه‌ی ده‌نگنه‌دان به‌ نێچیرڤان بارزانی.

رۆژی ١٠ی حوزه‌یران، نێچیرڤان بارزانی به‌ به‌ده‌ستهێنانی ٦٨ ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان، بووه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم، فراكسیۆنی یه‌كێتی ئەو كۆبوونه‌وه‌یان بایكۆت كرد.

خالید شوانى كه‌مترین ده‌نگ

خالید شوانی وه‌زیرى هه‌رێم، كه‌مترین ده‌نگى هێنا، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، ٢٠ ئه‌ندامى فراكسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى كوردستان، ده‌نگیان به‌ خالید شوانى نه‌داوه‌.

پێشتر خالید شوانی له‌لایه‌ن یه‌كێتی-یه‌وه‌ بۆ پۆستی وه‌زیری دادی عێراق كاندیدكرا، به‌ڵام پارتی دژی وه‌ستایه‌وه‌ و رێگه‌ی نه‌دا ئه‌وپۆسته‌ وه‌ربگرێت، دووجاریش بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك له‌لایه‌ن یه‌كێتی-یه‌وه‌ كاندیدكرا، به‌ڵام به‌هه‌مان شێوه‌ پارتی ره‌تی كرده‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، پێشتر پارتی ڤیتۆی له‌سه‌ر خالید شوانى هه‌بووه‌، بۆ پۆستی وه‌زیری هه‌رێم و رایگه‌یاندووه‌ به‌پێی رێككه‌وتنی نێوانیان، ده‌بوایه‌ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام له‌سه‌ر داوای قوباد تاڵه‌بانی پارتی ڤیتۆی له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌ ئارام حه‌مه‌ی مینا و خالیدشوانی لابردووه‌.

خالید شوانی به‌ده‌نگی ٦٨ په‌رله‌مانتار بووه‌ وه‌زیری هه‌رێم، جیاوازی ده‌نگه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌نگی كاندیدی سه‌رۆكی حكومه‌ت ٢٠ ده‌نگ بووه‌.