کوردستان

05:37 - 09/07/2019

كاندیدی بەهێزی یەكێتی بۆ فەرماندەی هێزەكانی 70‌

پەیسەر

ماڵی تاڵەبانی پشتیوانی لاهورشێخ جەنگی دەكەن، بۆ ئەوەی فەرماندەیی هێزەكانی 70 وەربگرێت، پەیسەرپرێس بۆچوونی باڵەكانی لەسەر پۆستە بەتاڵەكان بڵاودەكاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، ئەو پۆستانەی لەیەكێتی بەتاڵبوون كێشە و ململانێی ناوخۆیان لەسەر دروست بووە، ئەوانیش پۆستی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی كە لەلایەن شۆرش ئیسماعیلەوە بەرێوەدەبرا و ناوبراو كاندیدكراوە بۆ وەزیری پێشمەرگە، هەروەها پۆستی فەرماندەیی هێزەكانی 70 كە لەلایەن جەعفەر شێخ مستەفاوە بەرێوەدەبرا و ناوبراو كاندیدكراوە بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت ماڵی تاڵەبانی پێیان باشە تا كۆنگرە ئەو پۆستانە بەبەتاڵی بمێننەوە تەنها ئەوەنەبێت كە لاهورشێخ جەنگی بەشێوەیەكی كاتی سەرپەرشتی هێزەكانی 70 بكات. دەزگای هەڵبژاردنیش لەلایەن ئەندامانی دەزگاكەوە بەرێوەببرێت.

زانیارییەكان ئاماژە بەوەشدەدەن، باڵی كۆسرەت رەسوڵ پشتیوانی ئەوە دەكەن كەسێك بۆ فەرماندەیی هێزەكانی 70 دیاری بكرێت و تائێستاش هەریەك لە مەحمود سەنگاوی و سامان گەرمیانی و جەبار یاوەر و وەستا رەسوڵ خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندیدكردووە.

هەروەها باڵی كۆسرەت رەسوڵ پێداگری دەكەن كە ئەندامێكی سەركردایەتی یان مەكتەبی سیاسی جێگەی شۆرش ئیسماعیل لەدەزگای هەڵبژاردن بگرێتەوە بەوپێیەی دەزگایەكی هەستیارەوە ناكرێت بە بەتاڵی بهێلدرێتەوە.