کوردستان

10:28 - 09/07/2019

یەكێتی پەرلەمانتارێكی پێشووی حیزبەكەی كاندید دەكات بۆ پۆستەكە‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، داوای پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەكاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش عیزەت سابیری پەرلەمانتاری پێشووی حیزبەكەی، كاندید كردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

بەپێی زانیارییەكانی بەردەستی پەیسەرپرێس، یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگای سلێمانی دەكات و عزەت سابیر ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستانیش بەهێزترین كاندیدە، پەیسەرپرێس پەیوەندیكرد بە عزەت سابر بەڵام رایگەیاند هیچ شتێكی نیە بۆ گوتن لەسەر ئەو پرسە.

لای خۆیەوە رەسوڵ عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆران بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: تاوەكو ئێستا هیچ شتێك بەفەرمی بەئەوان  نەگوتراوە دەربارەی ئاڵوگۆری پۆستی پارێزگار، و بۆ هەر گۆرانكاریەكیش ئەوان پابەندی ئەو رێككەوتنە دەبن كە یەكێتی و گۆران دەیكەن.

دەشڵێت: بەپێی رێككەوتنی پێشوو دووساڵی یەكەم پۆستی پارێزگاری سلێمانی لای یەكێتی بووە و دووساڵی دووەمیش لای گۆران ئەم بابەتە پێویستی بەرێككەوتنێكی نوێ هەیە لەنێوان یەكێتی و گۆران.

گوتیشی: ئەو پرسە تەنها پەیوەندی بە پرسی پارێزگاری سلێمانیەوە نیە، بەڵكو پەیوەندی بەپۆستەكانی تری وەك ئیدارەكانی گەرمیان و راپەرین و پارێزگاری هەڵەبجەشەوە هەیە و ئەمانە پێویستیان بەرێككەوتنێكی حزبی دووقۆڵی هەیە. رێككەوتنەكەش هەرچۆنێك بێت فراكسیۆنی گۆران لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پابەند دەبێت پێوەی.

رۆژی 3/12/2017 هەڤاڵ ئەبوبەكر كاندیدی بزوتنەوەی گۆران وەك پارێزگاری شاری سلێمانی دەست بەكاربوو، پێشتر بەهۆی ئەوەی ئامادەنەبوو لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمەوە مەرسومی بۆ دەربكرێت پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەرنەگرت.