کوردستان

03:53 - 08/07/2019

بۆچى ناوى ئاشتى هه‌ورامى ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان نه‌كرا؟‌

پەیسەر

به‌هۆی ناكۆكی نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی، ره‌وانه‌كردنی ناوی ئاشتی هه‌ورامی بۆ په‌رله‌مانى كوردستان راگیرا، پەیسەر زانیاریی لەسەر چارەنوسی ئاشتی هەورامی و شێوازى مانه‌وه‌ى له‌ پۆسته‌كه‌ى ئاشكراده‌كات.  

ئه‌مڕۆ مه‌سرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، ناوی وه‌زیره‌كانی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كرد، به‌ڵام ناوی ئاشتی هه‌ورامی له‌ لیسته‌كه‌ نه‌بینرا، هیچ كه‌سێكیش له‌بری ئاشتی هه‌ورامی بۆ وه‌زاره‌تی سامانه‌سروشتییه‌كانی هه‌رێم كاندید نه‌كرا.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، به‌هۆی ناكۆكی نێوان مه‌سرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ناوی ئاشتی هه‌ورامی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان نه‌كراوه‌، پێده‌چێت تا رێككه‌وتنی له‌سه‌رده‌كرێت كه‌سێكی تر به‌وه‌كاله‌ت ئه‌و پۆسته‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت.

ئاشنا عه‌بدوڵا ئه‌ندامى فراكسیۆنى گۆڕان، له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ په‌یسه‌رپرێسى راگه‌یاند، پێشتر له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تى گۆڕان-ه‌وه‌، فراكسیۆنه‌كه‌ ئازادكراون له‌وه‌ى ده‌نگ به‌ ئاشتى هه‌ورامى ده‌ده‌ن یاخودنا، به‌ڵام راى زاڵ له‌نێو فراكسیۆنه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ ده‌نگ به‌ ئاشتى هه‌ورامى ناده‌ن ئه‌گه‌ر بێته‌ نێو په‌رله‌مان.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌سروشتییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان، له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ و دیار نییه‌ بۆ رۆژی چوارشه‌ممه‌، كه‌ متمانه‌ به‌ كابینه‌ی حكومه‌ت ده‌درێت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یان نا.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر پۆستی وه‌زیری سامانه‌سروشتیه‌كان بكرێت، ئه‌وه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاشتی هه‌ورامی به‌جیا سیڤیه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كرێت و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیش كاتێك دیاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی پێبدرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ گوتیشى، به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ متمانه‌دان به‌ كابینه‌ی حكومه‌ت متمانه‌ش به‌ ئاشتی هه‌ورامی نادرێت. لای خۆیه‌وه‌ سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى"هه‌واڵێكی خۆشه‌ كه‌ ئاشتی هه‌ورامی ناوه‌كه‌ی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان نه‌كراوه‌، هیوادارم له‌به‌رده‌م دادگابیبینم".

عه‌بدوڵا عه‌بدولره‌حمان عه‌بدوڵا، ناسراو به‌ئاشتی هه‌ورامی له‌ساڵی (٢٠٠٦) وه‌ وه‌زیری سامانه‌سروشتییه‌كانه‌، بڕیاریش بوو بۆئه‌م كابینه‌ی حكومه‌ت جارێكی تر كاندید بكرێته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ توركیا داواى له‌ پارتى كردبوو كه‌له‌م كابینه‌یه‌ش ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان بێت.