کوردستان

11:49 - 08/07/2019

پارتى داواى گۆڕینى سێ كاندیدى یه‌كێتى ده‌كات‌

پەیسەر

پارتى دیموكراتى كوردستان، داواى له‌یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان كردووه‌، له‌برى خالید شوانى، سه‌عدى پیره‌ كاندید بكرێت، بۆ پۆستى وه‌زیرى هه‌رێم تایبه‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا.

پۆستى وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، له‌م كابینه‌یه‌ دروستده‌كرێت. بەپێی زانیارییەکانی پەیسەرپرێس کە لەسەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتوون، پارتى به‌ یه‌كێتى راگه‌یاندووه‌، پێشتر لێكتێگه‌یشتنیان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى کە سه‌عدى پیره‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاریبكرێت، به‌ڵام یه‌كێتى ئێستا خالید شوانى دیاریكردووه‌.

پارتى هه‌روه‌ها داواى گۆڕینى ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمودى كردووه‌، كه‌ یه‌كێتى كاندیدى كردووه‌ بۆ سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان. پارتى گوتویه‌تى، ئه‌و پۆسته‌ ته‌نها په‌یوه‌ندى به‌ یه‌كێتی-یه‌وه‌ نییه‌و په‌یوه‌ندى به‌ كورده‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ناوچه‌كه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌ردوولا پێكه‌وه‌ كاندیده‌كه‌ى دیاریبكه‌ن.

هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پارتى ڤیتۆى له‌سه‌ر ئارامى حه‌مه‌ى میناش هه‌یه‌، پارتى نایه‌وێت له‌م كابینه‌یه‌دا كه‌سه‌ نزیكه‌كانى به‌رهه‌م ساڵح بكرێنه‌ كاندید، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى پێشتر بوونه‌ته‌ هاوپه‌یمانى و دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناو یه‌كێتى، به‌گوته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌ر ئه‌م ڤیتۆیه‌ زیاتر له‌ مه‌سرور بارزانى و ئاڕاسته‌كه‌یه‌وه‌یه‌تى، هه‌رچه‌نده‌ به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ پارتى نێوانى ئاسایى بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام نزیكبوونه‌وه‌كه‌ زیاتر له‌رێگه‌ى نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌یه‌.

یه‌كێتى به‌فه‌رمى لیستى كاندیده‌كانى ئاڕاسته‌ى پارتى كردووه‌، دیار نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كاندیدانه‌ى كه‌ پارتى داواى گۆڕینیان ده‌كات، له‌م چه‌ند رۆژه‌ ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن، یاخود به‌وجۆره‌ى ئێستا كاندیده‌كان ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان ده‌كرێت.