05:36 - 07/07/2019
مەرجی بەغدا بۆ گەڕانەوەی بارەگای حیزبەكان بۆ كەركوك
دوای چەند هەوڵێك بۆ گەڕانەوەی بارەگای حیزبە كوردییەكان و رادەستكردنەوەی بارەگاكان، مەرجی بەغدا بۆ قبوڵكردنی ئەو داوایە ئەوەیە، كە دەبێت بارەگاكان لەلایەن هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بپارێزرێن نەك هێزەكانی پێشمەرگە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستی پەیسەرپرێسدایە، مەرجی بەغداد بۆ گەڕانەوەی بارەگای حزبە كوردییەكان و رادەستكردنەوەی بارەگاكانیان ئەوەیە، كە نابێت پێشمەرگە ئەو بارەگایانە بپارێزێت. لەبری ئەوە دەبێت بۆ هەربارەگایەك 10 بۆ 20 پۆلیس پاسەوانی بكات بەمەرجێك سەر بەوەزارەتی ناوخۆی حكومەتی فیدراڵی بن.
لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە، جگە لە كردنەوەی چەند بارەگایەكی یەكێتی نیشتیمانی و حیزبی شیوعی، حیزبەكان كە لەوانە پارتی دیموكراتی كوردستانی تێدایە، بارەگاكانیان چۆڵكردووە، مەرجی چەند لایەنێكیش بۆ گەڕانەوە ئەوەبووە كە هێزەكانیان بگەڕێنەوە كەركوك بۆ پاراستنی بارەگاكانیان، بەڵام حكومەتی عێراق ئەوەی رەتكردوەتەوە، نایەوێت هیچ چەكدارێك جگە لە هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ لەناو كەركوك چەكی پێبێت و وەك هێزی ئەمنی بناسرێنرێت.
بەپێی زانیارییەكان حكومەتی عێراق ئەوەشی بە كورد راگەیاندووە، پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق لەدەرەوەی شارەكان بەهاوبەشی ئەو شوێنانە بپارێزن كە بۆیان دیاری دەكرێت و نابێت لەناو شارەكاندا هەبن، جگە لەپۆلیسی خۆجێی و پۆلیسی فیدراڵی و هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا هیچ هێزێك لەناو شارەكاندا نابێت بوونیان هەبێت.