کوردستان

12:51 - 07/07/2019

زانیارییەكان لەبارەی چارەنوسی پێشمەرگە لەنێوان هەولێر و بەغدا‌

پەیسەر

هەرێم و بەغداد لە رێككەوتن لەبارەی پێشمەرگەوە نزیكبوونەتەوە، بە پێی رێككەوتنەكەش هێزەكانی 70 و 80 هەڵدەوەشێنەوە و پێشمەرگە وەك بەشێك لە سوپای عێراق مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، لە رێككەوتن لەبارەی پێشمەرگەوە نزیكبوونەتەوە، بە پێی رێككەوتنەكەش دوای یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و دروستكردنی هێزێكی نیشتمانی یەكگرتوو. پێشمەرگەش ببێتە بەشێك لەسیستمی بەرگری عێراق.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت: ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتیوانی ئەوە دەكات، پێشمەرگە بخرێتە سەر سیستمی بەرگری عێراق و لەوێوە چەك و پێداویستیەكانی بۆ دابین بكرێت. بەشێكیش لەو چەكانەی كە وەزارەتی بەرگری دەیكرێت رادەستی پێشمەرگە بكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، هەنگاوی یەكەمی ئەو پرۆسەیە لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم لەرێگەی هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی 70 و 80 وە دەستپێدەكات و بەپێی رێككەوتنەكەش ئەگەر وەزارەتی بەرگری عێراق پێویستی بوو، دەبێت پێشمەرگە لەدەرەوەی سنوری هەرێم بەشداری لەهەر ئۆپەراسیۆنێك بكات كە وەزارەتی بەرگری عێراق فەرمانی پێ بكات.

ئەوەش پێچەوانەی یاساكانی هەرێمی كوردستانە بەوپێیەی سەرۆكی هەرێم فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكانی هەرێم و لەوكاتەدا هێزی پێشمەرگە دوو سەرچاوەی بڕیاردانی دەبێت كە وەزارەتی بەرگری و سەرۆكایەتی هەرێم دەبێت و  ئەمەش پێویستی بەچارەسەرە لەرێگەی یاساوە.

به‌پێی زانیارییه‌كان، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، بە عادل عەبدولمەهدی و هاوپەیمانانی راگەیاندووە، ئەوان هیچ كێشەیەكیان نییە لەوەی پێشمەرگە هاوشێوەی حەشدی هەڵوەشێتەوە و بخرێتە سەر وەزارەتی بەرگری و ببێتە بەشێك لەسیستمی بەرگری عێراق، بەڵام یەكێتی دژی ئەو هەنگاوەیە و پێی وایە یەكگرتنەوەی پێشمەرگە و رادەستكردنی بە سیستمی بەرگری عێراق، دەبێتە هۆی ئەوەی یەكێتی بێدەسەڵات بێت.