کوردستان

10:26 - 07/07/2019

پلانی نوێی پارتی ‌و یەكێتی لەبارەی پاراستنی دۆخی ئەمنی كەركوكەوە‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەدوای نزیكبوونەوە بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ كەركوك، داوای پێكهێنانی هێزێكی تایبەت بەو پارێزگایە دەكەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی نزیكی گفتوگۆكانی پارتی‌و یەكێتی بۆ دۆخی كەركوك دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، پارتی ‌و یەكێتی لەسەر ئەوە رێككەوتوون، كە داوای پێكهێنانی هێزێكی تایبەت بەشاری كەركوك بكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، داواكارییەكەی یەكێتی‌و پارتی بەشێوەیەك دەبێت، كە لەخەڵكی شاری كەركوك‌و لەسەرجەم پێكهاتەكانی كوردو عەرەب‌و توركمان ئەو هێزە دروست بكرێت‌و ئەركی پاراستنی ناوچەكانی پارێزگاكەی پێبسپێرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكی زۆرە پارتی ‌و یەكێتی گفتوگۆ دەكەن، بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ كەركوك، كە لەئێستادا لەو بارەوە گەیشتوون بەرێككەوتن‌و بڕیارە بەم نزیكانە ناوی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە رابگەیەنن.

پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، پارتی ‌و یەكێتی بۆ دروستكردنی ئەو هێزە پەیوەندییان بەلایەنی ئەمریكییەكانەوە كردووەو دەیانەوێت پشتگیری ئەوانیش بەدەست بهێنن، كە لەو بارەوە گفتوگۆكان بەردەوامی هەیە.

دۆخی كەركوك لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە نائارامەو تائێستاش پارتی‌و یەكێتی چەند پێشنیازێكیان بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو شارە كردووە، بەڵام پێشنیازەكانیان رەتكراوەتەوە.