کوردستان

10:15 - 07/07/2019

چۆنێتی رێككەوتنی باڵەكانی یەكێتی لەسەر دیاریكردنی كاندیدەكان‌

پەیسەر

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی لەسەر بنەمای رێككەوتنی باڵە جیاوازەكانی ئەو حیزبە كاندیدەكانی یەكلاكردووەتەوە، بۆ ئەوەی كێشەی ناوخۆی لێنەكەوێتەوە.

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی رۆژی شەممە كۆبوونەوەی كردو دوای كۆبوونەوەیەكی چەند سەعاتی، تەواوی كاندیدەكانی یەكلاكردەوە، ئەوەش بۆ ئەو پۆتانەی لەكابینەی نۆو سەرۆكایەتییەكان بەر یەكێتی دەكەون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دراوە بەپەیسەرپرێس، پێش وەختە باڵە ناكۆك‌و جیاوازەكانی یەكێتی رێككەوتنیان كردووە، بۆ ئەوەی پۆستەكان لەنێوان خۆیان دابەش بكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، رێنمایی دراوە بەزۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنە دەنگ بدەن، بۆ ئەوەی كێشە دروست نەبێت‌و هەموو لایەنەكانیش رازی بن بەو كاندیدانەی بۆ پۆستەكان دیاری دەكرێت.

یەكێتی لەئێستادا لەباڵی ماڵی تاڵەبانی‌و كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح پێكدێت‌و لەناو ئەو باڵانەش كۆمەڵێك دابەشكاری هەیە، وەك سەركردەكانی سەر بەتیرەی جاف‌و كەركوكییەكانی ناو یەكێتی، كە زانیارییەكان باس لەوەشدەكەن ئەم دوو لایەنەی كۆتاییش لەسەر بنەمای رێككەوتنی باڵەكان پۆستیان بەركەوتووە.

لەباڵی ماڵی تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت‌و بێگەرد تاڵەبانیش بۆ پۆستی وەزیری كشتوكاڵ دیاریكراون، لەباڵی كۆسرەت رەسوڵیش رێواز فایەق بۆ سەرۆكی پەرلەمان‌و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وەزیری پلاندانان دیاریكراون.

لەباڵی بەرهەم ساڵحیش حەمەی حەمەسەعید بۆ وەزیری رۆشنبیری‌و ئارام حەمەی مینا بۆ وەزیری خوێندنی باڵا دیاریكراون، هەرچی شێخ جەعفەرە بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم لەسەركردەی جافەكان دیاریكراوەو بۆ كەركوكییەكانی ناو یەكێتیش خالید شوانی وەزیری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، رەوەند مەلا مەحمود دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاریكراون.
 
هەروەها هەر یەكە لە شۆڕش ئیسماعیل بۆ وەزیری پێشمەرگەو عوسمان شوانی دەستەی گەشتوگوزارو ئیسماعیل مەحمود دەستەی گشتی كاروباری مین دیاریكراون، كە ئەمانە تا رادەیەك لەنێوان باڵەكان یەكلانەبوونەتەوەو سەر بە خەتە گشتییەكەی ناو یەكێتین.