کوردستان

11:24 - 05/07/2019

مەسرور بارزانی پەیامێكی بە پەلەی ئاراستەی یەكێتی‌و گۆڕان كردووە‌

پەیسەر

مەسرور بارزانی راسپێراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی ئاراستەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆڕان كردووە.

بەپێی زانیارییەكان، كە لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو پارتی دیموكرات دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، پەیامەكەی ئاراستەی بەرپرسانی یەكێتی‌و گۆڕان كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، مەسرور بارزانی لەپەیامەكەی داوای لەبەرپرسانی یەكێتی‌و گۆڕان كردووە، كە بەزوویی ناوی كاندیدی پۆستە وەزارییەكان یەكلابكەنەوە، بۆ ئەوەی پێكهاتەی كابینەكەی بخاتە بەردەم پەرلەمان.

مەسرور بارزانی، لەرۆژی 12ی مانگی رابردووەوە، لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە راسپێراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌‌و دەبێت لەماوەی مانگێك كابینەكەی بداتە پەرلەمان، بۆ ئەوەی متمانە وەربگرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، رۆژی هەینی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆبووەو دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی دایە رێكخەری گشتی‌و بڕیارە لەدوو رۆژدا ناوی كاندیدەكان یەكلابكاتەوە.

هەرچی یەكێتی نیشتمانییە، بڕیارە لەم هەفتەیە كۆبوونەوە بكات‌و ناوی كاندیدەكان یەكلابكاتەوە، كە رەنگە یەككلاكردنەوەی كاندیدەكان بۆ ئەو حیزبە ئاسان نەبێت، چونكە كێبركێی توندو كێشەی زۆر لەسەر ناوی كاندیدەكان هەیە.

دواین وادە بۆ مەسرور بارزانی بۆ راگەیاندنی كابینەكەی رۆژی 12ی ئەم مانگەیە، كە زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، رۆژی 11ی مانگ پەرلەمان بۆ متمانەدا بەسەرۆكی حكومەت‌و كابینەی نۆ كۆبوونەوە بكات.