کوردستان

11:12 - 05/07/2019

چەندین سەركردەی یەكێتی چاویان لەوەیە پۆستە باڵاكان لەحكومەت وەربگرن‌

پەیسەر

چەندین سەركردەی یەكێتی نیشتمانی چاویان لەوەیە پۆستە باڵاكان لەحكومەتی هەرێم وەربگرن، ئەوەش ناڕەزایی ناوخۆیی لەناو ئەو حیزبە دروست كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو یەكێتی دراوە بەپەیسەرپرێس، لەسەر ئاستی كادرانی ناوەندی‌و سەرەوە ناڕەزایی دروست بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆرێك لەسەركردە باڵاكانی حیزبەكە چاویان لەوەیە، پۆستەكان لەحكومەت وەربگرن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەو چوارچێوەیە بەشێوەیەكی نهێنی كۆمەڵێك كادری پێشكەوتووی یەكێتی، یاداشتێكیان ئاراستەی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی كردووە، بۆ ئەوەی ناوی سەركردەكان لەلیستی كاندیدەكان لابكرێت‌و ئەو كەسانە دابنرێن، سی ڤی-یان پێشكەش كردووە.

یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرانی سەرۆكی حكومەت‌و هەرێم‌و شەش وەزارەتی بۆ یەكلابووەتەوە، كە زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، چەندین سەركردە خۆیان بۆ ئەو پۆستانە كاندید كردووەو چاویان لەوەیە پۆستەكان وەربگرن.

بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، هەریەكە لەرێواز فایەق‌و بێگەرد تاڵەبانی ئەندامانی سەركردایەتی كێبركێ دەكەن، بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمیش، هەریەكە لە عومەر فەتاح، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سامان گەرمیانی ئەندامی سەركردایەتی كێبركێ‌ دەكەن.

پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتیش، هەریەكە لە قوباد تاڵەبانی كوڕی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی‌و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی سەركردایەتی كێبركێ‌ دەكەن‌و پۆستە وەزارییەكانیش چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی خۆیان داناوە پۆست وەربگرن.