کوردستان

10:54 - 01/07/2019

په‌رله‌مانتارانى نه‌وه‌ى نوێ فراكسیۆنێكى نوێ دروستده‌كه‌ن‌

پەیسەر

فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، فراكسیۆنێكى نوێ دروست ده‌كات و هه‌رچوار په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنه‌كه‌، نوسراویان بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كردووه‌، به‌ مه‌به‌ستى دروستكردنى ئه‌و فراكسیۆنه‌. ئه‌وه‌ش له‌ كاردانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ شاسوار عه‌بدولواحید وه‌ڵامى داواكانى نه‌داونه‌ته‌وه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، هه‌ر چوار په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى نه‌وه‌ى نوێ، نوسراویان كردووه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، به‌ مه‌به‌ستى دروستكردنى فراكسیۆنێكى نوێ، به‌ناوى فراكسیۆنى ئاینده‌(مستقبل).

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، له‌ ئێستادا په‌رله‌مانتاره‌كان چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانن. ئه‌و هه‌نگاوه‌شیان وەك هەڵوێستێكه‌ لەبەرانبەر شاسوار عەبدولواحید، كە پێشتر داوایان كردبوو ده‌ستبه‌ردارى پۆستى سه‌رۆكى نه‌وه‌ی نوێ ببێت و سه‌رقاڵى كارى بازرگانییه‌كه‌ى بێت، به‌ڵام وه‌ڵامى داواكارى ناڕازییەکانی نه‌دابووه‌وه‌.

ناڕازییه‌كانى نه‌وه‌ى نوێ، كه‌ فراكسیۆنى جوڵانه‌وه‌كه‌ له‌به‌غدا، نیوه‌ى فراكسیۆنه‌كه‌یان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان و نیوه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى نه‌وه‌ى نوێن ده‌ڵێن، نه‌وه‌ى نوێ بۆ مه‌به‌ستى بازرگانى و مامه‌ڵه‌ى ژێربه‌ژێر به‌كارده‌هێندرێت، به‌ خێزانى و به‌بنه‌ماڵه‌ كراوه‌و كار بۆ ئه‌و ئامانجانه‌ ناكات كه‌ له‌پێناویدا دامه‌زراو سه‌رۆكه‌كه‌ى تاكڕه‌وانه‌ بڕیار ده‌دات، سه‌رۆكى جوڵانه‌كه‌و باڵه‌كه‌ى به‌وه‌ تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، كه‌ گرته‌ى ڤیدیۆیى ژیانى تایبه‌تى تۆماركردوون و هه‌ڕه‌شه‌ى لێكردوون.

شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌كه‌ش، تۆمه‌ته‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌و ناڕازییه‌كان به‌"بێ وه‌فاو خیانه‌تكار" وه‌سف ده‌كات.