کوردستان

10:28 - 09/12/2018

بكوژەكەی ڕەحیمی زەبیحی خۆی ڕادەستی پۆلیس كرد‌

پەیسەر

پاش ئەوەی رۆژی هەینی دەرهێنەر و فیلمسازی كوردی خۆرهەڵاتی كوردستان لە رووداوێكی تەمومژاویدا خۆی و برایەكی لەناو ئۆتۆمبیلەكەیان بە كوژراوی دۆزرانەوە، ئەمرۆ بكوژەكەی لەبەردەم پۆلیسدا دانی بە تاوانەكەیدا ناوە.

بە پێی هەواڵێكی ئاژانسی (ئیرنا) بكوژی رەحیمی زەبیحی دەرهێنەری سینەمای كورد، هاتۆتە پۆلیس و دانی بە تاوانەكەیدا ناوە.
بكوژ لەبەردەم دادوەری لیكۆڵینەوەی پۆلیس هۆكاری تاوانەكەی گەڕاندۆتەوە بۆ كێشەی پارە.

لە دوای ڕاگەیاندنی مردنی ئەو دەرهێنەرە و برایەكی، چەندین دەزگای ڕاگەیاندن وەكو ڕووداوێكی هاتووچۆ سەیری مردنەكەی زەبیحیان كرد، بەڵام دوای ئەوەی تەرمەكان بینران كە دەستیان بەستراوەتەوە، گومانی كوژرانیان بڵاوبووەوە.

ئەمشەو برایەكی رەحیمی زەبیحیش لە كەناڵەكانی ڕایگەیاندن بە شێوەیەكی ڕەها باسی لەوە كرد، كە براكانی بە ڕووداوی هاتووچۆ نەمردوون، بەڵكو كوژراون.

رەحیمی زەبیحی، لەشاری بانەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبوە و یەكێكە لە سینەماكار و دەرهێنەرە دیارەكانی كورد كە دەرهێنەری زنجیرە درامای كوردی ماڵەكەی مەعروف و چەندین كورتە فیلمی وەك هاوار و سەتەلایت و كۆتایی شەڕ و ئەو پیاوەی كە چوو بۆ سەیران و چەند بەرهەمێكی تری سینەماییە.