کوردستان

04:49 - 01/07/2019

پارتی ده‌رباره‌ی فواد حسێن په‌یامێك ده‌داته‌ یه‌كێتی‌

پەیسەر

دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، واژۆیان بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیری دارایی كۆكرده‌وه‌، پارتی په‌یامێكی له‌و باره‌یه‌وه‌ گه‌یانده‌ یه‌كێتی.

رۆژی ٣٠-٦-٢٠١٩ به‌واژۆی ٢٦ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، یاداشتێك بۆ بانگهێشتكردنی فواد حسێن وه‌زیری دارایی عێراق، درایه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، پارتی به‌فه‌رمی له‌كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌دا داوایه‌كی ئاڕاسته‌ی یه‌كێتی كردووه‌ .

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، پارتى داوایكردووه‌، كه‌ پشتیوانی وه‌زیری دارایی بكه‌ن و هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی سیناریۆی هۆشیار زێباری وه‌زیری پێشووی دارایی عێراق، دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌ی بانگهێشتكردنه‌كه‌ كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتووه‌، رێكاره‌كانی بانگهێشتكردنه‌كه‌ پشتى به‌ستووه‌ به‌ بڕگه‌ی حه‌وت لە ماده‌ی ٦١ی ده‌ستوری عێراق، بڕگه‌ی حەوتی ماده‌ی ٢٧ له‌یاسای ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ژماره‌ ١٣ی ٢٠١٨و ماده‌ی ٥٨ له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان.

به‌پێی یاسا ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، باوه‌ڕیان به‌ وه‌ڵامه‌كانی وه‌زیری دارایی نه‌بوو، ئه‌وه‌ ده‌تواندرێت وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌و وه‌زیره‌ بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌.

رۆژی شەشی تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوو، فواد حوسێن كاندیدی پارتی، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌، وه‌ك وه‌زیری دارایی حكومه‌تی فیدراڵی متمانه‌ی پێدرا.