10:52 - 01/07/2019
دوا مۆڵه‌ت بۆ راده‌ستكردنی ناوی كاندیدی وه‌زاره‌ته‌كان
دوامۆڵه‌ت بۆ راده‌ستكردنی ناوی كاندیدی وه‌زاره‌ته‌كان به په‌رله‌مانى كوردستان، رۆژى نۆى ئه‌م مانگه‌یه و ماوه‌ى یاسایى له‌به‌رده‌م كاندیدى راسیپێردراو بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت كۆتایی دێت.
به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان پێویسته ٤٨ كاتژمێر پێش ده‌نگدان به‌كابینه‌ی حكومه‌ت، ناو و سیڤی كاندیده‌كان بگاته ده‌ست په‌رله‌مانتاران، به‌وپێیه‌ش رۆژی ٩ی ته‌موز دوا رۆژی راده‌ستكردنی ناوی كاندیده‌كان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له‌دوا رۆژی رێگه‌پێدراوی پێكهێنانی حكومه‌ت كه ١١ی ته‌مموزه، متمانه به‌كابینه‌ی حكومه‌ت بدرێت.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه ده‌ستیكه‌وتووه، پارتی چاوه‌ڕێ ده‌كات تا رۆژی ٥ی ته‌موز له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بگه‌نه رێككه‌وتن و ناوی كاندیده‌كان راده‌ست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر مه‌سرور بارزانی تێبینی له‌سه‌ر كاندیدێك هه‌بووه یه‌كێتی لێ ئاگاداربكاته‌وه.
تا ئێستا یه‌كێتى و پارتى له‌سه‌ر دۆسیه‌ى كه‌ركوك نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن، بڕیاره ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن و ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن بكرێت، یه‌كێتى ده‌بێت كاندیده‌كانى له‌ماوه‌ى چوار رۆژدا پێشكه‌ش بكات.