10:25 - 01/07/2019
پارتى بەشداری بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى له حكومه‌ت لا گرنگه
پارتی دیموكراتی كوردستان له‌به‌شداریپێكردنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌حكومه‌ت پاشگه‌زنه‌بووه‌ته‌وه، دوای رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سه‌ردانیان ده‌كات.
به‌رپرسێكی باڵای پارتی كه نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه، به په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، پارتی له به‌شداریپێكردنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی پاشگه‌زنه‌بووه‌ته‌وه، به‌لایه‌وه گرنگه بزوتنه‌وه به‌شداری كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێم بكات.
گوتیشى، له‌كاتێكدا كه هه‌ردوو حزبه ئیسلامییه‌كه‌ی دیكه، (كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو)به‌شداری ناكه‌ن و ده‌بنه ئۆپۆزسیۆن، پارتى به‌شدارى بزوتنه‌وه‌ى لا گرنگه، به‌ڵام مه‌رج نییه پۆستی وه‌زیریان پێبدرێت.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هێشتا كات دره‌نگ نه‌بووه، دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی گه‌یشتنه رێككه‌وتن، مه‌سرور بارزانی سه‌ردانی بزوتنه‌وه ده‌كات و له‌گه‌ڵیان كۆده‌بێته‌وه، به‌ڵام تا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نه‌گه‌نه رێككه‌وتن، سه‌ردانی بزوتنه‌وه ناكه‌ن. هه‌ركاتێك به‌شداری بزوتنه‌وه یه‌كلابووه‌وه، داوایان لێده‌كرێت به‌لیستێك داواكارییه‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن.
به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌ر، پێده‌چێت بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌ت، پۆستێكى خوارتر له پۆستى وه‌زیریى پێبدرێت، عه‌بدوڵا وه‌رتێ گوته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی دوو رۆژ پێش ئێستا په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاندبوو، تائێستا هیچ شتێكی فه‌رمی نییه سه‌باره‌ت به به‌شداری بزوتنه‌وه له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم.
گوتیشی"ئه‌گه‌ر به‌شداری نه‌كه‌ین له‌كابینه‌ی داهاتوو، ئه‌وه شورای ناوه‌ندی بزوتنه‌وه كۆده‌بێته‌وه، بڕیارێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی بزوتنه‌وه دیاریبكرێن"، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا بزوتنه‌وه به‌كه‌متر له‌وه‌زاره‌ت به‌شداری حكومه‌ت ده‌كات؟ وه‌رتی گوتی"جارێ هیچ دیار نییه و ئه‌وه له‌میانی گفتوگۆكانی پارتی و بزوتنه‌وه یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه".
بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی خاوه‌نی كورسى نییه له په‌رله‌مانى كوردستان، له‌نێو دانوستانه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ته و ده‌یه‌وێت به‌شدار بێت له كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان.