کوردستان

07:29 - 30/06/2019

پارتى سبه‌ینێ پرۆژه‌یه‌كى نوێ بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ده‌خاته‌ڕوو‌

پەیسەر

بڕیاره‌ سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌، پارتى و یه‌كێتى له‌ سلێمانى كۆببنه‌وه‌. كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر پێشنیارى پارتى به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بڕیاره‌ ئه‌و حزبه‌ پڕۆژه‌یه‌ك بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌ركوك پێشكه‌ش بكات.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، پارتى و یه‌كێتى ته‌واوى ئه‌ندامانى شانده‌كانى خۆیان گۆڕیوه‌. ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ى شانده‌كانى پێشوو به‌ بنبه‌ست گه‌یشتوون. كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌سه‌ر پێشنیارى پارتى ئه‌نجامده‌درێت.

به‌پێى لێكتێگه‌یشتنێك كه‌ له‌نێوان به‌رهه‌م ساڵح و نێچیرڤان بارزانى دروستبووه‌، یه‌كێتى سێ كاندیده‌كه‌ى پێشووى كێشاوه‌ته‌وه‌. سبه‌ینێ به‌نیازه‌ سێ كاندیدى نوێ بۆ پارێزگارى كه‌ركوك پێشكه‌ش به‌ شاندى پارتى بكات.

به‌پێى زانیارییه‌كان، پارتى پرۆژه‌یه‌كى نوێ بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌ركوك پێشكه‌ش ده‌كات، به‌جۆرێك پارتى هه‌موو ئه‌و كاندیدانه‌ى یه‌كێتى تا ئێستا پێشكه‌شی كردوون  بۆ پارێزگارى كه‌ركوك ره‌تده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام ئاماده‌یه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسى كه‌ركوك بكات، به‌جۆرێك گره‌نتى به‌ یه‌كێتى ده‌دات، كه‌ كاندیدێكى ئه‌و حزبه‌ ده‌بێته‌ پارێزگارى كه‌ركوك و پۆسته‌كه‌ بۆ ئه‌وان ده‌بێت. 

هه‌روه‌ها پارتى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سبه‌ینێ په‌یامى بارزانى به‌ یه‌كێتى ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ بێ یه‌كێتى حكومه‌ت پێكده‌هێندرێت ئه‌گه‌ر كاندیده‌كان راده‌ست نه‌كه‌ن له‌واده‌ى دیاریكراودا. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن یه‌كێتى و پارتى پێش ٥ی٧ ئه‌م مانگه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌ركوك ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنێكى سه‌ره‌تاییش بێت.

یه‌كێتى و پارتى تا ئێستا له‌سه‌ر دانانى پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك رێكنه‌كه‌وتوون. له‌دواى ١٦ی ئۆكتۆبه‌رى ٢٠١٧ ه‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ لاى كورد نه‌ماوه‌. یه‌كێتى ده‌یه‌وێت پێش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت گره‌نتى له‌ پارتى وه‌ربگرێت كه‌ پۆسته‌كه‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌.