کوردستان

06:24 - 30/06/2019

هه‌ولێر و به‌غدا ده‌سته‌یه‌كى هاوبه‌ش پێكده‌هێنن‌

پەیسەر

هه‌ردوو حكومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، له‌دوای دروستبوونی كابینه‌ی نۆى حكومه‌تى هه‌رێم، ده‌سته‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانى نێوانیان پێكده‌هێنن، په‌یسه‌رپرێس كاره‌كانی ده‌سته‌كه‌ ئاشكراده‌كات.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌ی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوون، دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، هه‌رێم و به‌غداد ده‌سته‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان پێكده‌هێنن. ده‌سته‌كه‌ش سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌غداد ده‌بێت و نوێنه‌ری هه‌ردوو حكومه‌ت تێیدا به‌شدار ده‌بن.

كاره‌كانى ده‌سته‌كه‌، بریتی ده‌بێت له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌ی ناوچه‌جێناكۆكه‌كان، پرسی یاسای نه‌وت و گاز و بوودجه‌، ئه‌نجومه‌نی فیدراڵى، به‌ڕێوه‌بردنی ده‌روازه‌سنورییه‌كان. هه‌ردوولا ده‌یانه‌وێت هه‌موو كێشه‌كانییان، له‌رێگه‌ی ئه‌و ده‌سته‌یه‌وه‌ چاره‌سه‌ربكرێن.

به‌پێى زانیارییه‌كان، هه‌رێمى كوردستان به‌دواى چاره‌سه‌رێكى مامناوه‌ندیدا ده‌گه‌ڕێت بۆ پرسى نه‌وت، نایه‌وێت فایلى نه‌وت به‌ته‌واوى بداته‌ ده‌ست به‌غدا و به‌شێك له‌ نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌ژێر كۆنتڕۆڵى حكومه‌تى هه‌رێمدا ده‌مێنێته‌وه‌.

تا ئێستا هیچ كام له‌ كێشه‌كانى نێوانى هه‌ولێر و به‌غدا به‌لادانه‌خراوه‌، حكومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى چاوه‌ڕێى دروستبوونى حكومه‌تى نوێى هه‌رێمى كوردستانه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵى بكه‌وێته‌وه‌ دانوستانه‌وه‌.