کوردستان

05:31 - 30/06/2019

به‌غدا مۆڵه‌تى كۆتایى بۆ راده‌ستكردنى نه‌وتى هه‌رێم دیاریكرد‌

پەیسەر

حكومه‌تى عێراق بۆ راده‌ستكردنی نه‌وت، تاكۆتایی مانگی داهاتوو چاوه‌ڕێی هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بوودجه‌ی ساڵی داهاتوو بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئاماده‌ ده‌كات، بێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، حكومه‌تى عێراق پێشتر تا كۆتایی مانگی شه‌شی دیاریكردبوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم رۆژانه‌ ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی راده‌ست بكات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی داوایكردووه‌، ئه‌و پرسه‌ بۆ دوای پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت دوابخرێت، به‌غداد ره‌زامه‌ندی پیشانداوه‌ تا كۆتایی مانگی ته‌مووز چاوه‌ڕێی هه‌رێم بكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، به‌غدا له‌ پرۆژه‌یاساى بوودجه‌ى ٢٠٢٠دا ره‌وانه‌كردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران باس ناكات، ئه‌گه‌ر نه‌وت راده‌ستنه‌كرێت، ئه‌گه‌ر وه‌زیری دارایی و حكومه‌تیش، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ پرۆژه‌یاسای بوودجه‌ی ساڵی داهاتوو جێگیربكه‌ن، به‌ڵام له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ره‌تده‌كرێته‌وه‌ و ده‌نگی پێویست به‌ده‌ستناهێنێت. 

حكومه‌تى عێراق ده‌یه‌وێت په‌له‌بكات له‌ ئاماده‌كردنى بوودجه‌و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا، پرۆژه‌ یاساى بوودجه‌ ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بكات، نایه‌وێت په‌سه‌ندكردن و جێبه‌جێكردنی بودجه‌ دوابخرێت.

به‌پێى یاساى بوودجه‌ى ساڵى ٢٠١٩، ده‌بوو حكومه‌تى هه‌رێم رۆژانه‌٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى حكومه‌تى عێراق بكات. به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان تا ئێستا پابه‌ندنه‌بووه‌ به‌ یاساى بوودجه‌ى ٢٠١٩ی عێراق-ه‌وه‌.