کوردستان

05:07 - 30/06/2019

بڕیارى بارزانى بۆ چاوه‌ڕوانیكردنى كاندیده‌كانى یه‌كێتى‌

پەیسەر

پارتی به‌بڕیاری مه‌سعود بارزانی، به‌بێ یه‌كێتی حكومه‌ت پێكده‌هێنێت، ئه‌گه‌ر یه‌كێتى كاندیده‌كانى خۆى راده‌ستى مه‌سرور بارزانى نه‌كات. سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌ڵێت، پارتى ترسى روودانى دووئیداره‌یى نییه‌ و پێى وایه‌ وڵاتان رێگه‌ به‌وه‌ناده‌ن.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، مه‌سعود بارزانی بڕیاری كۆتایی ده‌رباره‌ی به‌شداریكردنی یه‌كێتی داوه‌، كه‌ تا ١١ی ته‌موز چاوه‌ڕێیان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ناوی كاندیده‌كانی راده‌ست نه‌كرد، ئه‌وه‌ به‌بێ یه‌كێتی كابینه‌ی حكومه‌ت پێكبهێنن.

به‌پێى بڕیاره‌كه‌ى پارتى پۆسته‌كانی یه‌كێتی به‌ به‌تاڵی ده‌مێنێته‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ی به‌شداری ده‌كات. سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، مه‌سعود بارزانی گوتویه‌تى، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی رایگه‌یاند به‌شداری كابینه‌ی داهاتوو ناكات یاخود ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن، ئه‌وه‌ پۆسته‌كانی به‌سه‌ر لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانی تری حكومه‌تدا به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی پێشوو دووباره‌ دابه‌ش بكه‌نه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسى دووئیداره‌یى له‌ ئه‌گه‌رى به‌شدارینه‌كردنى یه‌كێتى له‌ حكومه‌ت، سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت"پارتی ترسی له‌و هه‌نگاوه‌ نییه‌، چونكه‌ به‌غداو ئه‌مریكا و به‌ریتانیاش دژی ئه‌و هه‌نگاوه‌ن".

چه‌ند به‌رپرسێكى یه‌كێتى باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، له‌ ئه‌گه‌رى رازى نه‌بوونى پارتى به‌ داواكارییه‌كانیان، ئه‌وه‌ به‌شدارى حكومه‌ت ناكه‌ن و ناشبنه‌ ئۆپۆزسیۆن، مه‌به‌ستیان له‌وه‌ش دووئیداره‌یى و جیاكردنه‌وه‌ى سلێمانی-یه‌ له‌ هه‌ولێر.