کوردستان

04:41 - 30/06/2019

به‌رهه‌م ساڵح له‌نێوان پارتى و حزبه‌كه‌ى ده‌بێته‌ نێوه‌ندگیر‌

پەیسەر

دوای به‌شداریكردنی له‌ مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌رهه‌م ساڵح جێگرى دووه‌مى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى، وه‌ك نێوه‌ندگیر كار بۆ رێككه‌وتنى حزبه‌كه‌ى و پارتى ده‌كات. ئه‌ندازیارى رێككه‌وتنى هه‌ردوو حزب بووه‌ له‌سه‌ر وه‌زیرى دادى حكومه‌تى فیدراڵى.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، دوای ئه‌وه‌ی له‌ ١٠ی حوزه‌یران به‌رهه‌م ساڵح، له‌شاری هه‌ولێر به‌شداری مه‌راسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانى كرد، پارتی و به‌دیاریكراویش نێچیرڤان بارزانی، هه‌وڵیداوە یه‌كێتی و پارتی له‌رێگه‌ی به‌رهه‌م ساڵح-ەوە لێک نزیك بكاته‌وه‌، له‌و كاته‌ به‌دواوه‌ پارتی به‌هۆى نیگه‌رانییه‌كانیه‌وه‌، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی پشتگوێخستووه‌.

سه‌باره‌ت به‌و هه‌نگاوه‌ی پارتی، سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌ر گوتى"پارتی دوو رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ هه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ نه‌یتوانی پارێزگاری له‌رێككه‌وتنه‌كان بكات، بۆیه‌ پارتی نایه‌وێت هیچ رێككه‌وتنێكی نوێ له‌گه‌ڵ جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی بكات".

گوتیشی"رێككه‌وتنی به‌رهه‌م ساڵح و نێچیرڤان بارزانی، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كاندیدی وه‌زیری دادی حكومه‌تی فیدراڵی یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، بۆیه‌ پارتی هیوای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، پرسی به‌شداری یه‌كێتی له‌كابینه‌ی حكومه‌ت و پارێزگاری كه‌ركوك-یش یه‌كلایی بكاته‌وه‌".

به‌گوته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌، ماڵی تاڵه‌بانیش پشتیوانی ئه‌وه‌ده‌كه‌ن، به‌رهه‌م ساڵح له‌م قۆناغه‌دا بێته‌ پێشه‌وه‌و رۆڵى هه‌بێت له‌ دانوستانه‌كان، له‌ به‌رامبه‌ردا كۆسره‌ت ره‌سوڵ په‌راوێز بخرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌  ئه‌و به‌رنامه‌یه‌یه‌ كه‌ بۆ كۆنگره‌ی داهاتووی یه‌كێتی دایانناوه‌.

یه‌كێتى و پارتى تا ئێستا له‌سه‌ر كاندیدى پارێزگارى كه‌ركوك رێكنه‌كه‌وتوون، یه‌كێتى ده‌یه‌وێت به‌رله‌وه‌ى كاندیده‌كانى خۆى بۆ پۆسته‌كان راده‌ستبكات، ره‌زامه‌ندى پارتى بۆ یه‌كێك له‌ كاندیده‌كانی بۆ پارێزگارى كه‌ركوك وه‌ربگرێت.