کوردستان

06:30 - 29/06/2019

ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی داوای سیڤی و فۆرمی كاندیدى وه‌زاره‌تەكان ده‌كات‌

پەیسەر

ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمى كوردستان، داوای سیڤی و فۆرمی ده‌ستپاكی كاندیدى وه‌زارەته‌كانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت ده‌كات، به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كانیش رازی نین و داواده‌كه‌ن لیژنه‌یه‌ك چاودێری كاره‌كانیان بكات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێم داوای له‌ كاندیدی راسپێردراو بۆ حكومه‌ت كردووه‌، ناو و سیڤی و فۆرمی ده‌ستپاكی كاندیدی وه‌زیره‌كانیان بۆ ره‌وانه‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی وردبینیان تێدا بكه‌ن.

له‌به‌رامبه‌ردا به‌شێك له‌لایه‌نه‌كان رایانگه‌یاندووه‌، ته‌نها سیڤی ده‌نێرن و نابێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌روه‌ت و سامانیان بكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت له‌دوای پێكهێنانی حكومه‌ت لیژنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ چاودێری كاره‌كانیان بكه‌ن و په‌رله‌مانیش چاودێر بێت و رێگری له‌گه‌نده‌ڵی بكات.

سه‌باره‌ت به‌جیاوازی پرۆسه‌ی وردبینییه‌كه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، به‌شێك له‌كاندیده‌كان نایانه‌وێت ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ئاشكرا بكه‌ن كه‌ پێشتر ده‌ستیان كه‌وتووه‌، به‌ڵام ئاماده‌ن په‌رله‌مان و چاودێری دارایی چاودێری كاره‌كانی داهاتوویان بكات.

لاى خۆیه‌وه‌ ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى بۆ په‌یسه‌ر گوتى"داوامان له‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كردووه‌، پێش متمانه‌دان به‌ وه‌زیر و پله‌ تایبه‌ته‌كان، ناوه‌كانمان بۆ ره‌وانه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وردبینییان بكه‌ین و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاره‌كانی پێشوویان بكه‌ین".

ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر گوتیشى"دوای ئه‌وه‌ی متمانه‌ به‌ كاندیده‌كان درا، فۆرمێكی تری ده‌سته‌ی ده‌ستپاكییان پێ پڕده‌كرێته‌وه‌، واتا دوو قۆناغی جیاوازه‌، قۆناغی یه‌كه‌م پێش پێدانی متمانه‌ بۆ وردبینی و قۆناغی دووه‌م، دوای پێدانی متمانه‌ بۆ ئاشكراكردنی سه‌روه‌ت و سامانیان".

تا ئێستا ناوى كاندیدى وه‌زاره‌ته‌كان، پێشكه‌شى سه‌رۆكى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت نه‌كراوه‌، رۆژى ١٢ی مانگى داهاتوو دوا واده‌ى یاساییه‌ له‌به‌رده‌م مه‌سرور بارزانى بۆ پێشكه‌شكردنى ستافى كابینه‌كه‌ى.